نەخشی کەلتوری لەسەر شوشە دەنەخشێنن
دوو هاوسەر لە سلێمانی کەلتوری کوردی بە زیندوویی دەهێڵنەوە
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
دوو هاوسەری گەنج لە سلێمانی، بەهرە و تواناکانی خۆیان لە بواری هونەری دەستیدا تێکەڵ کردووە و لە رێگەی نەخشاندنی کەلتوور و فۆلکلۆری کوردی لەسەر شووشە و خشڵ، داهێنانێکی جیاوازیان لەم بوارەدا کردووە و ئەوان دەڵێن، ئامانجیان ناساندنی کەلتووری کوردییە بە خەڵک و بەتایبەتی بیانییەکان، لە رێگەی دیارییەوە.
ئەم دوو هاوسەرە کە پێکەوە کار دەکەن، بەرهەمەکانیان تێکەڵەیەکن لە هونەر و کەلتوور. ئەوان نەخش و نیگاری کوردی وەک جلی کوردی، چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان و سیمبولە نەتەوەییەکان لەسەر بەرهەمەکانیان دەنەخشێنن یەکێک لە کارە دەستییەکانیان، کوپێکە کە تابلۆی “شەوی ئەستێرە”ی ڤان کۆخی لەسەر کێشراوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە دروستکردنی ئەم کارە نزیکەی دوو بۆ سێ کاتژمێری ویستووە و ئێستا لە پێشانگەی “نێکست ستێپ” بەرهەمەکانیان نمایش دەکەن.
ئەم دوو هاوسەرە بە 964ـیان وت، نرخی بەرهەمەکانیان بەپێی جۆر و وردەکارییەکەی دەگۆڕێت؛ بۆ نموونە کوپێک بە 12 هەزار دینار و پیاڵەیەکیش بە هەمان نرخ دەفرۆشن، بەڵام لە پێشانگاکەدا داشکاندنیان بۆ بەرهەمەکانیان کردووە. ئەم دوو هاوسەرە جەخت لەوە دەکەنەوە کە کارەکانیان زۆرتر وەک دیاری دەفرۆشرێن و خەڵکێکی زۆر، بەتایبەتی گەنجان و گەشتیاران ئارەزووی کڕینی بەرهەمە کەلتوورییەکانیان دەکەن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر