زانکۆی سەلاحەدین لە دوکانی بردەوە
+964
شۆڕش هەرکی
کچانی زانکۆی سەلاحەدین لەسەر یاریگای خۆیان سێ خاڵی گرنگیان بەدەستهێنا و تۆڵەی شکستی یاری رابردوویان کردووە.
کاتژمێر 2:30 خولەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ 25.2.2023، لەگەڕی دووەمی کۆمەڵەی یەکەمی خولی فوتساڵی کچان، یانەی زانکۆی سەلاحەدین لەسەر یاریگای خۆی لەناو کۆلیژی وەرزشی میوانداری کچانی دوکانیان کرد.
کچانی زانکۆی سەلاحەدین تەنیا پێنج خولەکیان بەس بوو بۆ ئەوەی گۆڵی پێشکەوتن لەڕێگای یاریزان یوسرا ئیبراهیم تۆمار بکات، بەڵام زۆری نەخایەند یاریزان غەمگین مەحمود لە خولەکی 16ـی یارییەکە گۆڵی یەکسانی بۆ یانە دوکان تۆمار کرد.
کچانی زانکۆی سەلاحەدین بە بردنەوەیان لە دوکان هیوایان بۆ گەڕایەوە
گێمی یەکەمی یارییەکە، گێمێکی پڕ گۆڵ بوو، بەهەردوو یانە شەش گۆڵیان تۆمار کرد و ئەو گێمە بەیەکسانی کۆتایی هات.
لە گێمی دووەمدا، یاریزانانی یانەی زانکۆی سەلاحەدین دوو گۆڵی دیکەیان تۆمار کرد و کچانی یانەی دوکانیش گۆڵێکیان تۆمار کرد، ئەنجامی یارییەکەش بە پێنج گۆڵ بەرامبەر چوار گۆڵێک لەبەرژەوەندی کچانی یانەی زانکۆی سەلاحەدین کۆتایی هات.
دوای یارییەکە، یوسرا ئیبراهیم یاریزانی یانەی زانکۆ بە تۆڕی964ـی وت، ئەم سەرکەوتنە بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو، ئێمەی گەڕاندەوە ناو کەشوهەوای رکابەرییەکە.
کچانی زانکۆی سەلاحەدین لەیاری یەکەمدا بەرامبەر کچانی یانەی هەولێر دۆڕا بوون، یانەی دۆکانیش بەرامبەر یانەی زاخۆ براوە بوو.
بەم ئەنجامە یانەی زانکۆی سەلاحەدین و دوکان هەریەکەیان سێ خاڵیان هەیە.
خولی فوتساڵی کچانی یانەکانی کوردستان، لە هەشت یانە پێکهاتووەن و بەسەر دوو کۆمەڵدا دابەشکراون، یەکەم و دووەمی هەر کۆمەڵەیەک سەردەکەوێت بۆ قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین.
یانەکانی کچانی هەولێر، زانکۆی سەلاحەدین، دوکان و زاخۆ لە کۆمەڵەی یەکەمدان، کچانی رواندز، قەڵادزێ، سەیدسادق و خەڵاتی پێنجوین لە کۆمەڵەی دووەمدان.
لە گەڕی سێیەمدا کە کاتژمێر 2:30 خولەکی رۆژی 3ـی مانگی داهاتوو بەڕێوە دەچێت، لە کۆمەڵەی یەکەمدا کچانی دوکان میوانداری ئافرەتانی هەولێر دەکات، کچانی زانکۆی سەلاحەدینیش دەبنە میوانی کچانی زاخۆ.
لە کۆمەڵەی دووەمیشدا کچانی رواندز میوانداری کچانی سەیدسادق دەکەن و کچانی خەڵاتی پێنجوێنیش دەبنە میوانی کچانی قەڵادزێ.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق