دوو گولـله‌ى ئاڕبیجی و مینێک بوو
له‌ناو باخچەى هاوڵاتییه‌كى زاخۆ چه‌ند پاشماوه‌یه‌كی جه‌نگی دۆزرانه‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ده‌زگاى كاروبارى مینى دهۆك ده‌ڵێت، ئه‌مڕۆ له زاخۆ له‌ناو باخچه‌ى هاوڵاتییه‌كدا چه‌ند پاشماوه‌یه‌كی جه‌نگیان دۆزیوه‌ته‌وه، كه بریتی بوونه له مین و ته‌قه‌مه‌نى.
دواى ئه‌وه‌ى ده‌زگاكه ئاگادار كراونه‌ته‌وه له هه‌بوونى ئه‌م پاشماوانه، تیمى تایبه‌تیان به له‌ناوبردنى مین و ته‌قه‌مه‌نى كه به EOD ناسراوه، چوونه‌ته گوندى قەرەولا له‌ناحیه‌ى رزگاری سه‌ر به ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى زاخۆ و توانیان پاشماوه‌كان له شوێنى خۆیان نه‌هێڵن.
پاشماوه‌كان بریتی بوون له دوو گولـله‌ى RPG و مینێكی دژه كه‌سی له جۆرى Type72.
ئاماژه به‌وه‌كراوه خاوه‌ن باخچه‌كه له كاتى ده‌ستكاریكردنى زه‌وییه‌كه‌ى بۆ ئه‌وه‌ى بیكاته باخچه پاشماوه‌كانى دۆزیوه‌ته‌وه.
كاروبارى مینى دهۆك هاوڵاتیان ئاگادار ده‌كاته‌وه له هه‌ر شوێنێك پاشماوه‌كانى جه‌نگیان بینى به ژماره 182 كه هێڵێكى بێ به‌رامبه‌ره په‌یوه‌ندیان پێوه بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى تیمه‌كانیان بگه‌نه ئه‌و شوێنه و ئه‌وانیش مه‌ترسیان له سه‌ر ژیانیان دروست نه‌بێت.