تاقانەیە و ناچارە کەسابەت بکات
کچۆڵەیەکی ژیکەڵە بە ملوانکە فرۆشتن یارمەتی دایک و باوکە نابیستەکەی دەدات
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
باری زانا، تاقانە کچی دایك و باوكێكی نابیستە و خەڵكی هەورامانن، لە سلێمانی دادەنیشن و بە ملوانكە و دەستبەند فرۆشتن یارمەتی دایک و باوکی دەدات.
ئەو تەمەنی نۆ ساڵە و دەرچووی پۆلی چوارەمی بنەڕەتییە، هەموو شەوانی هەینییەک دەچێتە پارکی ئازادی و ئەو زەنگیانە و مووروانەی لە ماڵەوە هۆنیویاننەتەوە، دەباتە پارکەکە و دەینافرۆشێ.
باری كچێكی ژیكەڵە و وریایە، قسەی بۆ 964 كردووە و دەڵێت، “هەموو ئەوانەی لێرە دامناوە، لەماڵەوە رۆژانە لەگەڵ دایكم دروستی دەكەین و بەشەو لێرە دەیفرۆشین”.
وتیشی، نرخی دەستبەند و مەدالیا و مستیلەكانم لە 500 دینارەوە دەستپێدەكات تاوەكو هەشت هەزار دینار، هەر شەوێکێش نزیکەی 15 هەزار دینارمان دەست دەکەوێ.
باری دەشڵێت، “دایك و باوكم ئاگادارن و لەنزیكمەوەن و چاودێریم دەكەن، هەردووكیان نابیستن و تاقانە کچم، باوكم رۆژانە ئیش دەكات و بەشەویش لەبەر دڵی ئێمە لەگەڵمان دێتە پاركی ئازادی، بۆئەوەی ئەو كارە دەستیانەی لەگەڵ دایكم دروستمان كردوون، بیفرۆشین و كرێی خانووەكەمانی پێ دابین بكەین”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری
