وردەکاری و کارنامەی لوتکەی ترەمپ و پوتین

ئەمڕۆ جیهان چاوی لەسەر ئالاسکایە

964+

ژێوار خدر

چاوی جیهان ئەمڕۆ لەسەر شاری ئانکۆرەیج لە ویلایەتی ئەلاسکای ئەمریکایە، کە تێیدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی روسیا کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز ئەنجام دەدەن.

بەپێی راگەیەندراوێکی کۆشکی سپی، کۆبوونەوەکە لە بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، کرملینیش پشتڕاستی کردووەتەوە کە دیدارەکە بە کۆبوونەوەی دووقۆڵی نێوان هەردوو سەرۆک و وەرگێڕەکانیان دەستپێدەکات و دواتر شاندی هەردوو وڵات بەشداری دەکەن و بە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەش کۆتایی دێت.

کارنامەی کۆبوونەوەکە چەند تەوەرێکی گرنگ لەخۆدەگرێت:

قەیرانی ئۆکرانیا: ئەمە تەوەرە سەرەکییەکەی گفتوگۆکان دەبێت، ترەمپ بەدوای رێگەچارەیەکدا دەگەڕێت بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە درێژخایەنە و فشاردەخاتە سەر مۆسکۆ بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
ئاسایشی نێودەوڵەتی و کۆنترۆڵکردنی چەک:  گفتوگۆ لەبارەی پرسەکانی ئاسایشی جیهانی و داهاتووی پەیماننامە ئەتۆمییەکان دەکرێت، بەتایبەت کە ماوەی رێککەوتنی “New START” بۆ سنووردارکردنی چەکی ستراتیژی، خەریکە کۆتایی دێت.
پەیوەندییە دووقۆڵییەکان: تاوتوێکردنی داهاتووی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان واشنتن و مۆسکۆ و ئەگەری پەرەپێدانی هاریکاریی ئابووری.

کەشوهەوای پێش کۆبوونەوەکە:

پێش گەیشتنی بۆ ئەلاسکا، پوتین لە لێدوانێکدا ستایشی هەوڵە “دڵسۆزانەکانی” ئیدارەی ترەمپی کرد بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ. لەبەرامبەردا، ترەمپ هۆشداریی دابووە پوتین کە ئەگەر ئامادەی رێککەوتن نەبێت، رووبەڕووی “ئەنجامی زۆر توند” دەبێتەوە.

سەرەڕای ئەمەش، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم کۆبوونەوەیە دەکرێت ببێتە “سەرەتایەک” بۆ کۆبوونەوەیەکی دیکە بە بەشداریی سەرۆکی ئۆکرانیا.

ئەم کۆبوونەوەیە، کە دیداری رووبەڕووی نێوان ترەمپ و پوتینە لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرانیا، چاوەڕوانییەکی زۆری لێدەکرێت بۆ دیاریکردنی ئاراستەی داهاتووی جەنگ و ئاسایشی ئەوروپا.

هەموو دنیا لە ناتەنیاهۆ هاتووە دەنگ و ئەویش دەڵێت هەر د...

هەموو دنیا لە ناتەنیاهۆ هاتووە دەنگ و ئەویش دەڵێت هەر دەیکەم