دیمەنی دەستپێکردنی کاری تیمی کارەباو میکانیکی لە پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان.وێنە.قایمقامیەتی دەربەندیخان
9 مانگی دیکە تەواو دەبێت
دەستکرایەوە بە کارکردن لە پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان
964+
توانا نەقی
گرێ کوێرەی کارکردنەوە لە پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان کرایەوە و دەست کراوە بە کارکردن تیادا کە چەندین ساڵە تەواو نەکراوە و کێشەی ئاوی پاکی قەزاکە چارەسەر نەکراوە.
بە قسەی قایمقامی قەزاکە ئەم جارە پارە تەرخان کراوە بۆ کۆمپانیاکە و ئێستا بەچڕی کاری تیادا دەکرێت تیمی ئەندازیاری لە پاڵاوگەکەن.
سلێمان محەمەد قایمقامی قەزای دەرەبەندیخان بە 964ـی وت، ئەمجارە پێشەکی 3 ملیۆن دۆلار دراوە بە کۆمپانیای جێبەجێکار بۆیە بە چڕی کارکردن دەستی پێکردووە و تا 6 ملیۆن دۆلار پارە ئامادەیە بۆ پرۆژەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوو بارهەڵگر مەواد کە لە ناوخۆ دەست دەکەون گەیشتووتە پرۆژەکە بەڵام بەشیکی تر لە مەوادەکان لە وڵاتی ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکە هەن دەبێت بهێنرێت.
لە 15 حەوتی ئەمساڵەوە دیسان بۆ کۆمپانیاکە هەژمار کراوە و دەبێت لە ماوەی 9 مانگی داهاتوو سەرجەم کارەکانی پاڵاوگەکە تەواو بکات.
بە وتەی قایمقامی دەربەندیخان، پرۆژەکە لە کاتژمێرێکدا توانای دابینکردنی یەک هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە.
پڕۆژهكه بە یەکێک لە پرۆژە گەورەکان و بە فریادرەسی خەڵکی دەربەندیخان دادەنرێت لە رزگاربوون لە کێشەکانی ئاوی پاک و خواردنەوە کە چەندان ساڵە بەدەستییەوە دەناڵێنن، پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان كهوتووهته خوارهوهى بهنداوى دهربهندیخان له ساڵى 2013 دهستىپێكراوه و 55%ى کارەکانى تەواو بووە.