وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم

“قەدەغەکردنى زمانى کوردى لە زانکۆ و پەیمانگاکانى عێراق ئیدانە دەکەین”

964+

وریا فەتاح

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیدانەی بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەکات بۆ رێگرتن لە (خوێندن و دانانی پرسیار) بە زمانی کوردی لە زانکۆکانی (موسڵ و کەرکوک و دیالە).

وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بە بڕیارێک، خوێندن و دانان و وەڵامدانەوەى پرسیارى تاقیکردنەوەکان لە زانکۆ و پەیمانگاکان بە زمانى کوردى قەدەغە کرد.

وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت،”ئەم بڕیارە لەگەڵ ئەوەی پێشێلکردنی راستەوخۆی مادەی (4)ی دەستووری هەمیشەیی عێراقە، لە هەمان کاتدا پێچەوانەی بەها و بنەماکانی پێکەوەژیانە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ”.

“بۆیە داواکارین لە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دەستبەجێ ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە و کار بکات بۆ ئەوەی زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا ببنە ناوەندی پێکەوەژیان و رێزگرتن لە کولتوور و زمان و فەرهەنگى هەموو گەلانی عێراق بەبێ جیاوازى”، وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم وا دەڵێت.

روونیشى کردووەتەوە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى عێراق لەسەر هێڵ دەبن بۆ چارەسەرکردنى ئەم پرسەو رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەى ئەم جۆرە هەڵوێستە دوژمنکارانە.

"قەدەغەکردنى زمانى کوردى لە زانکۆ و پەیمانگاکانى عێراق ئیدانە دەکەین"