شەشەم حاڵەتە لەمساڵدا
خابور گیانی لە مێردمنداڵێکی 12 ساڵان سەندەوە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
مێردمنداڵێکی تەمەن 12 ساڵان، ئێوارەی ئەمڕۆ لە رووباری خابووری لە ناحیەی بێگۆڤا لە سنوری زاخۆ خنکا و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی زاخۆ کرا.
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ئاوابوونی خۆر ئەمڕۆ چوارشەممە، بۆ مەلەکردن مێردمنداڵێکی کچ کە تەمەنی 12 ساڵ بووە دەچێتە رووباری خابوورەوە مەلەدەکات تا فێنکی بێتەوە، بەڵام ئەوە دوا ساتەکانی ژیانی دەبێت و رووبارەکە مەرگ دەکاتە میوانی، جەمال هەسن بەڕێوەبەری بەرگری شارستانیی زاخۆ بە 964ـی وت، بەمەبەستی مەلەکردن و خۆفێنککردنەوە چووەتە ناو رووبارەکە، بەڵام بەداخەوە خنکاوە و تەرمەکەی لەلایەن تیمەکانیانەوە دەرهێندراوە.
بەپێ ئامارەکانی بەرگری شارستانی زاخۆ بێت، ئەمە شەشەم حاڵەتی خنکانە لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە ماوەی ئەم حەوت مانگەی ئەمساڵدا، تەرمی سەرجەم خنکاوەکانیش دۆزراونەتەوە.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح