بۆ راهێنان بوو

ئاگری باڵەخانەکەی کۆمیسیۆن لە هەولێر دەستکرد بوو

ژووری هەواڵ

کارمەندانی بەرگری شارستانیی هەولێر خۆیان ئاگریان لە باڵەخانەیەکی شەش نهۆمی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە هەولێر بەردا و خۆشیان کوژاندیانەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 20.7.2025، بەرگری شارستانیی هەولێر رایگەیاند، بە شێوەیەکی مەیدانی چالاکییەکیان بۆ راهێنان ئەنجامدا کە بریتی بوو لە هەڵگیرساندنی ئاگرێکی دەستکرد و رزگار کردن  و چۆڵکردن و کوژاندنەوە.

چالاکییەکە لەلایەن بنکەکانی بەرگری شارستانیی عەنکاوە و هۆبەی رزگارکردنی رۆژئاوا ئەنجامدرا و لەلایەن هەر سێ هۆبەی رزگارکردن و جوڵانەوە و راگەیاندنەوە سەرپەرشتی کرا.

“ئەم جۆرە چالاکییانە کاریگەریان دەبێت لەسەر توانای تیمەکانمان لە کاتی کەوتنەوەی ئاگر لە باڵەخانەکاندا چۆن بتوانن بە کەمترین زیانی گیانی و ماددی رووداوەکە کۆنترۆڵ بکەن، هەروەها ئاشنا ببن بە چۆنیەتی مامەڵەکردنی دروست لە کاتی رووداوەکاندا لەسەر سەکۆی رووداوەکان”، بەرگری شارستانیی هەولێر وا دەڵێت.