کوشتنى کەڵەکێوییەک لە چیاى بەرانان..وێنە: پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى
تەمەنى حەوت ساڵە
دەربەندیخان؛ تاوانێکى ژینگەى بەرامبەر کەڵەکێوییەک ئەنجامدرا
وریا فەتاح
دوای بیستنی دەنگی تەقە لە چیای بەرانان، مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی دەربەندیخان کەڵەکێوییەکیان بە کوژراوی دۆزییەوە کە شوێنەواری فیشەکی پێوە بووە.
تەمەنى 7 ساڵە و بە گولـلە ورگى هەڵدڕاوە
بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، شەوی رابردوو هاوڵاتییان دەنگی تەقەیان لە چیای بەرانان بیستووە و هێزەکانیان ئاگادار کردووەتەوە و دەستبەجێ، تیمێکی هاوبەش لە پۆلیسی دارستانی دەربەندیخان، بنکەی باوەخۆشێن و ئاسایشی دەربەندیخان دەستیان بە کێوماڵکردنی ناوچەکە کردووە، بەڵام لە شەودا هیچ شتێک نەدۆزراوەتەوە.
“بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، مەفرەزەیەکی پۆلیسی دارستان جارێکی دیکە گەڕاونەتەوە بۆ هەمان شوێن و دوای پشکنینێکی ورد، کەڵەکێوییەکیان بە مرداربووى دۆزیوەتەوە کە تەمەنی حەوت ساڵە و بە فیشەک کوژراوە”، پۆلیسى دارستان وادەڵێت.
ئاژەڵە کوژراوەکە بە مەبەستی وەرگرتنی بڕیاری دادوەر گواستراوەتەوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەش بۆ رووداوەکە رێکخراوە و بە وتەى پۆلیس، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسە یان کەسانەی کە تاوانەکەیان ئەنجامداوە بەردەوامە.
چیای بەرانان یەکێکە لەو ناوچە شاخاویانەی کە گرنگیی تایبەتی هەیە بۆ ژیانی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان و دەکەوێتە سنوورى قەزاى دەربەندیخان.