لۆگۆی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان _ گرافیک: 964
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان
زیانی گەورە بەر بەرهەمێهنانی نەوت کەوتووە
964+
پەری ساڵح
دوای چەندین هێرشی درۆنیی بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم وەزارەتی سامانە سروشتییەکان داوا لە حكومەتی فیدراڵی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بێنە سەر خەت و گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی بپارێزن.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش نیگەرانە لەو هێرشە قوڵ و بەردەوامانەی دەکرێتە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم و بە توندی ئیدانەیان دەکات و بە هێرشێکی تیرۆرستی ناوی دەبات و دەڵێت، زیانی گەورەی بە بەرهەمێهنانی نەوت کەوتووە و مەترسیی لەسەر هاوڵاتییانی ئەم ناوچانە و سەلامەتی كارمەندانی مەدەنی كەرتی وزە دروست دەكات.
هاوکات پەیامێک ئاراستەی حكومەتی فیدراڵی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، کە بە زووترین کات بێنە سەر خەت و رێگری بکەن لەو هێرشە درۆنیانە بۆ سەر کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان، ژیانی خەڵکی مەدەنی و کارمەندانی ناوچەکە بپارێزن و سنورێکی بۆ دابنێن.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە رێكەوتی 16ی تەمووزی 2025 كاتژمێر (7:10)ی ئێوارە بۆ جاری دووەم لە رێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراوەوە، هێرش كرایەوە سەر كێڵگەی نەوتی هانت ئویلی ئەمەریكی لە باعەدرێ لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆك.
سامانە سروشتییەکان جەختیش دەکاتەوە، هێرشە درۆنییەكانی 14و 15و 16ی تەمووزی 2025 زیانی بۆ سەر ژێرخانی ئابووری و كێڵگە نەوتییەكانی (خورمەڵە و سەرسەنگ و بیشخاپوور و عین سفنی) لە پارێزگای هەولێر و پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هەبووە.