هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە هیچ دەسەڵاتێک تواناى هەڵوەشاندنەوەی نییە

+964

فەرمان سادق

حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی راپرسییەکی رۆژنامەی سەباح دەداتەوە و دەڵێ، هیچ دەسەڵاتێک تواناى هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانی نییە.

رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی زمانحاڵی حکومەتی عێراق، ئەنجامی راپرسییەکی ناوەندێکی ئەکادیمی بڵاوکردۆتەوە کە “خەڵک بێ هیوا بوون لەدەسەڵاتى سیاسیی هەرێم و خوازیارى گەڕانەوەن بۆ سەر بەغدا”.

لەراپۆرتەکەدا بەهیچ شێوەیەک ئەو ناوەندە ئەکادیمیە کە راپرسییەکەی کردووە، نەناسێنراوە تەنیا ئەوە نەبێت کە ناوەندێکی ئەکادیمی راپرسییەکی کردووە بێ ئەوەی ئاماژە بە ناوەڕۆکی راپرسییەکە بکات.

هەر ئەمڕۆ، حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی رۆژنامەکەی دایەوە و دەڵێ، هەرێمی کوردستان ، خاوەن قەوارەیەکی یاسایی و دەستوورییە و بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و خۆڕاگری پێشمەرگە قارەمانەکانە و هیچ دەسەڵاتێک تواناى هەڵوەشاندنەوەی هەرێمى کوردستانى نییە و بە نووسینی ڕۆژنامەیەکی مایەپووچ هەڵناوەشێتەوە کە پارەیەکی زۆری لێ خەرج دەکرێ و کەسیش هەر نازانێ ماوە یان داخراوە.

هەرێمی کوردستان، خاوەن قەوارەیەکی یاسایی و دەستوورییە و بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و خۆڕاگری پێشمەرگە قارەمانەکانە و هیچ دەسەڵاتێک تواناى هەڵوەشاندنەوەی نییە

“ئەم سەنتەر و بەناو راپرسییەی رۆژنامەکە پشتی پێ بەستووە، هیچ بنەمایەکی زانستی نییە و دوورە لەراستییەوە، ئەگەر بەڕاستیش رۆژنامەی (الصباح ) و ئەوانەی لەپشتییەوەن ، باوەڕیان بە راپرسییە، لە 25 ی سێپتەمبەری 2017 ، زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان ، لەگەورەترین راپرسی و ریفراندۆمی جەماوەری و دەنگدانێکی ئازاددا، قسەی خۆیان کرد و دەنگیان بۆ جیابوونەوەدا، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی بەغدا، بەهێرشی سەربازی و بەکارهێنانی سوپا لەدژی خەڵکی کوردستان و گەمارۆدان، وەڵامی ریفراندۆم و رای خەڵکیان دایەوە”. فەرمانگەی میدیا و زانیاری وادەڵێت، ئەوەش دەخاتەڕوو کە خەڵکی پارێزگاکانی عێراق، خۆیان شایەدی دەدەن ، کە هەرێمی کوردستان لەرووی پێشکەوتن و ئاوەدانیی و خزمەتگوزارییەوە، بەچەندین ساڵ لەپێش ناوچەکانی دیکەی عێراقەوەیە، ئیتر چۆن خۆزگە بەوە دەخوازن و داوا دەکەن بگەڕێنەوە سەر شوێنێک کە لەهەموو بوارەکاندا وێران و کاول بووە.

هەرێمی کوردستان، خاوەن قەوارەیەکی یاسایی و دەستوورییە و بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و خۆڕاگری پێشمەرگە قارەمانەکانە و هیچ دەسەڵاتێک تواناى هەڵوەشاندنەوەی هەرێمى کوردستانى نییە و بەنووسینی ڕۆژنامەیەکی مایەپووچ هەڵناوەشێتەوە کە پارەیەکی زۆری لێ خەرج دەکرێ و کەسیش هەر نازانێ ماوە یان داخراوە.