لە كۆی 700 هەزار تەنيا 250 هەزار کەسیان وەردەگیرێن

کەی تیروپشک بۆ كارمەندانی سەر سندوقی دەنگدان دەكرێت؟

964+

محەمەد فاتیح

بە دەیان هەزار كەس داواكاریان پێشكەش كردووە تا وەک فەرمانبەری سەر سندوقی دەنگدانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق وەربگیرێن، بەڵام تیروپشكیان بۆ دەكرێت.

د. عیماد جەمیل سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بە 964ـی وت، “700 هەزار كەس لە فەرمانبەرانی دەوڵەت و قوتابی زانكۆكان و خاوەن بڕوانامەكان داواكاریان پێشكەشكردووە، تا وەک كارمەندی سەر سندوقی دەنگدان وەربگیرێن”.
وتيشى، “لە كۆی ئەو 700 هەزار کەسە، تیروپشكیان بۆ دەكرێت و تەنیا 250 هەزاریان لێ‌ هەڵدەژێردرێت و راهێنانیان پێدەكرێت لەسەر ئامێرەكانی دەنگدان”.

“لە 20.7.2025 رێكارەكان تەواو دەبن و دەست دەكەین بە وردبینی و پاشان لە مانگی داهاتوو (مانگی هەشت) تیروپشكەكە ئەنجام دەدرێت و لە هەمان كاتدا لە 5.8.2025 تیروپشک بۆ قەوارەكان دەكرێت”، د. عیماد جەمیل واى وت.

بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق له 11.11.2025 بكرێت و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەڵێت پلانێكی ئەمنی گشتگیری داناوە كە پێكهاتووە لە پێكهێنانی چەند لیژنەیەكی مەیدانی و هەواڵگری و ئەمنیی ئەلیكترۆنی، هەروەها دانانی پلانێك بۆ پاراستنی ناوەندەكانی تۆماركردن و نووسینگەی پارێزگاكان و كۆگاكان و ناوەندەكانی هەڵبژاردن، لەگەڵ پلانێكی ئەمنی بۆ گواستنەوەی ماددە لۆجستییەكان.