ئەمڕۆ پشكنینی دەرچووە

تووشبوویەكی تای خوێنبەربوون لە هەولێر دەستنیشان كرا

+964

ئەرسەلان عەبدوڵا

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر ئاشكرای كرد، نەخۆشێك لە هەولێر تووشی تای خوێنبەربوون بووە و تەمەنی 47 ساڵە.

هاوڵاتییەكە ئەمڕۆ پشكنینی دەرچووە و پێشتر لە 21ی ئەم مانگە نەخۆش كەوتووە و ئێستاش چارەسەر وەردەگرێت

تەندروستیی هەولێر لە راگەیاندراوێكدا ئەمڕۆ یەكشەممە 29.6.2025 بڵاویكردەوە، تووشبووەكە دانیشتووی گەڕەكی فەرمانبەرانە و لە مەیدانی ئاژەڵان کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ دەکات و لەهەمان کاتیشدا گۆشتفرۆشی گەڕۆکە، واتا ئاژەڵ لە ماڵان سەردەبڕێت.

ئاماژەیان بەوەش كردووە، لە 21ی ئەم مانگە ئەو پیاوە نەخۆش کەوتووە بە سەرئێشە و سکئێشە و تای بەرز دەستیپێکردووە،  پاشان چارەسەری لەلایەن چەندین نۆرینگەی لا كۆڵانان وەرگرتووە، بەڵام باری تەندروستی بەرەو خراپی رۆیشتووە، دواتر چووە بۆ نەخۆشخانەیەک و پاش ئەوەی هەندێک پشکنینی سەرەتایی بۆ کراوە، گومانی نەخۆشی تای خوێنبەربوونی لێکراوە، بۆیە بۆ دڵنیابوون ناردوویانە بۆ بەشی نەخۆشییە گوازراوەکان لە فریاکەوتنی ناوەند.

تەندروستی هەولێر دەڵێت، پاش وەرگرتنی نەخۆشەکە و جیاکردنەوەی لە شوێنی تایبەت و وەرگرتنی خوێن بۆ پشکنینی ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون بە PCR،  دەرکەوت کە نەخۆشەکە تووشی پەتای تای خوێنبەربوون بووە، بۆ دڵنیابوونی بە تەواویش، لە بەغداش پشكنینەكەی هەمان ئەنجامی بوو، ئێستاش لەژێر چاودێری پزیشکی پسپۆری هەناوە و چارەسەر وەردەگرێت.