وەزارەتی سامانە سروشتییەکان
“حکومەتی عێراق ئاستەنگى لە بەردەم هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دروست کردووە”
محەمەد فاتیح
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی كوردستان پێی وایە حكومەتی عێراق، بە بیانووی جۆراوجۆر رێگری لە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە دەكات، ئەو هەنگاوانەش بە نادەستووری و نایاسایی وەسف دەكات.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڵاویكردەوە، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە جیا پێشوازیی لە هەر یەک لە ئاتیلا تۆس، کونسوڵی گشتیی هەنگاریا و رافائێل مۆڤسێسیان، کۆنسولی گشتیی ئەرمینیا لە هەولێر کرد و لە هەردوو دیدارەکەدا، وەزیری سامانە سروشتییەکان؛ ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی باس کرد.
ئەوەشی وتووە، “حکومەتی عێراقی فیدراڵ بەپێچەوانەی دەستوور و یاسا و تەنانەت بڕیاری دادگاکانی عێراق، ئاستەنگى لەبەردەم هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دروست کردووە، لەکاتێکدا هیچ کێشەیەک لە گرێبەستەکانی نەوتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکاندا نییە، بەڵام حكومەتی عێراق ئاماده نییە ماف و گەرەنتی و تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی کۆمپانیاکان بدات”.
بەپێی راگەیاندراوەكەی وەزارەت، هەردوو کونسوڵى هەنگاریا و ئەرمینیا پشتگیری خۆیان و حکومەتەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندی پیشاندا.