بۆ جەژنە پیرۆزە و زکریات

بە هەزاران دەروێش و مورید لە ئاکرێن

ئاکام غەفور – ئاکرێ

ئەمڕۆ بە هەزاران دەروێش لە تەواوی عێراق روویان لە شاری ئاکرێ کردووە بە مەبەستی زکریات و جەژنە پیرۆزە لە شێخەکەیان.

دەروێش و موریدانی تەریقەتی قادری ولیانی، لە تەکیەی شێخ عەبدوڵعەزیزی گەیلانی لە شارێ ئاکرێ، بۆ ماوەی دوو تا سێ رۆژ دەمێننەوە، لەم چەند رۆژەدا زیکر و یادی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) دەکەنەوە.

سەید ئیسماعیل بەرزنجی، دەروێشێکی تەریقەتەکەیە و قسەی بۆ مایکی 964 کرد و وتی، “جگە لەوەی هەموو رۆژانی هەینی لێرە کۆدەبینەوە و زیکر دەکەین، لە بۆنە و جەژنەکانیش تەواوی مورید و دەروێشەکان دەگەڕێینەوە تەکیە، بەمەبەستی پیرۆزبایی جەژن لە شێخ وریا شێخ سەعید بەرزنجی و ئەنجامدانی زکری تایبەت و زیندووکردنەوەی یادی پێغەمبەر”.

وەک سەید ئیسماعیل باسی دەکات، ئەمە هۆکارێکە بۆ زیادبوونی خۆشەویستی نێوانیان و لەم چەند رۆژەدا، مەولود دەکەن و باسی ژیاننامەی پێغەمبەر دەکەن و کۆڕ و ئەڵقەی زیکری دەبەستن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری