"پلانی شوێنەواری گەرمیان"
گەرمیان دەیەوێت بەهۆی ئیتاڵییەكانەوە شوێنەوارەكانی بكاتە گەشتیاری
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
شوێنەواری گەرمیان پلان و بەرنامەی هەیە شوێنە شوێنەوارییەكانی دەڤەرەكەی بكاتە شوێنی گەشتیاری، بەڵام بەڕێوەبەری شوێنەوار دەڵێت، تا ئێستا هیچیان بۆ نەكراوە و هیوای وایە كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم ئەولویەتی كارەكانی بایەخدان بێت بە شوێنەوارەكان.
ئەمڕۆ سێشەممە 27.5.2025 بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری گەرمیان بە ھاوبەشی گەشتوگوزار، زانکۆی گەرمیان و زانکۆی بۆڵۆنیای ئیتاڵی، دیدارێکی زانستیان بۆ بەگەشتیاریکردنی ناوچە شوێنەوارییەکانی گەرمیان ئەنجام دا.
ساڵح محەمەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان بە 964ى وت،” لە رێگەی ئەم دیدارانەوە دەمانەوێت ناوچە شوێنەواری و گەشتیارییەکانی گەرمیان بە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان بناسێنین، ئەمەش لە رێگەی زانکۆی بۆڵۆنیای ئیتاڵی”.
“حکومەت ئاوڕ لە گەرمیان بداتەوە، دەتوانین ناوچە شوێنەوارییەکان نۆژەن بکەینەوە و بیانخەینە خزمەت گەشتیارییەوە، لە رووی ھەلی کار و ئابوورییشەوە سوودێکی گرنگی دەبێت بۆ ناوچەکە”، ساڵح محەمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە رابردوودا وەک شوێنەواری گەرمیان سەردانی ئیتاڵیایان کردووە، دەیانەوێت ئەو ئەزموونەی ئیتاڵیا بۆ گرنگیپێدانی ناوچە شوێنەوارییەکان و کردنیان بە ناوچەی گەشتیاری، بگوازنەوە بۆ گەرمیان و ھەرێمی کوردستانیش.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا