دوو کچە گەریلاى پەکەکە - وێنە: ئەرشیف
بەپێى میدیاى تورکى
پڕۆسەى چەکدانانى پەکەکە چۆن دەبێت و سەرکردەکانیان چیان بەسەر دێت؟
964+
وریا فەتاح
میدیاى تورکى نەخشەڕێگاى چەکدانانى پەکەکەى بڵاوکردەوە، بەم پێیە بێت گەریلاکانى پەکەکە لە هەرێمى کوردستان چەکەکانیان رادەست دەکەن و سەرکردەکانیشیان بۆ باشوورى ئەفریقا دەگوێزرێنەوە.
وەک ئەوەى میدیاى تورکى باسى دەکات، لە قۆناخی یەکەمدا پلانی ئەوە دانراوە کە پەکەکە چەکەکان لە خاڵە دیاریکراوەکانی هەرێمى کوردستان رادەست بکەن.
بەپێى هەواڵێکى پێشووترى CNN TURK، پەکەکە بە سێ قۆناغ و بەسەرپەرشتى چاودێرانى نێودەوڵەتى و نەتەوە یەکگرتوەکان، چەکەکانیان رادەست دەکەن.
وەک باسکراوە، لە ئامێدى و کانیماسى سەر بە پارێزگاى دهۆک و کۆیە و رانیە و سەیدسادق، پەکەکە چەکەکانیان رادەست دەکەن.
رۆژنامەى سەباحى تورکى ئاشکراى کردووە، لەماوەى 3 بۆ 4 مانگدا، سێ هەزار و 400 ئەندامى پەکەکە لە چیاکان دێنە خوارەوە و چەکەکانیان رادەست دەکەن، دەبێت لەو ماوەیەشدا پەکەکە راپۆرتى چەک و شوێنى چەکەکانى پێشکەش بکات.
وەک باسکراوە 100 کەس لە کادیرانى کاربەدەستانى پەکەکە دواى دوو ساڵ لە چاودێرى ئینجا تێکەڵاوى کۆمەڵگە دەکرێنەوە ئەگەر بگەڕێنەوە تورکیا، بەڵام بەرپرسانى باڵاو بەڕێوەبەرانى پەکەکە دەنێردرێن بۆ باکورى باشوورى ئەفریقا یان وڵاتانى رۆژئاوا، لە ناو ئەوانەشدا هەیانە رێگەیان پێبدرێت لە هەرێمى کوردستان بمێننەوە، بەڵام رێگە نادرێت بچنە سوریا.
جەختیش کراوەتەوە، هیچ گۆڕانکارییەکى کتوپڕ لە سیاسەتى ئەمنى تورکیا روونادات و لە شەڕى دژى “تیرۆر” بەردەوام دەبێت، تا ئەوکاتەى بە کردەوە هەموو شتێک جێبەجێ دەکرێت.
ئەم هەواڵە قسەو باسى میدیاى تورکین، بەڵام بەشێوەى فەرمى تائێستا پەکەکە جگە لەوەى وتویەتى چەک دادەنێن، لەبارەى رێکارەکانى چەکدانانەوە هیچ نەوتووە، بەڵام ئەوەى روونە پڕۆسەى چەکدانانى پەکەکە ئاسان نییە وەک ئەوەى میدیاى تورکى باسى دەکات.
دواى زیاتر لە چوار دەیە لە خەباتى چەکدارى، سەرەنجام رۆژانى 5 بۆ 7ـى مانگى ئایارى 2025، پەکەکە کۆنگرەى 12ـى نائاسایى خۆى بەست و لە رۆژى 12.5.2025 دەرەنجامەکانى کۆنگرەى ئاشکراکرد و بڕیاریدا خۆى هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.