لە دەربەندیخان
ماتۆڕسوارێک بە رووداوی ھاتوچۆ گیانی لەدەستدا
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ئێوارەی ئەمڕۆ لە دەروازەی دەربەندیخان بە رووی کەلار، رووداوێکی ھاتوچۆ لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی بارھەڵگر و ماتۆڕسکیلێک روویدا، بەھۆی سەختی برینەکەیەوە شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە گیانی لەدەستدا.
جاسم محەمەد، بەڕێوەبەری ھاتوچۆی دەربەندیخان بە 964ـى وت، “رووداوەکە لە دەروازەی دەربەندیخان روویداوە، ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەکە بە ئاڕاستەی پێچەوانەوە ھاتووە و ماتۆڕسکیلەکەی شێلاوە”.
“لەبەر ناجێگیری تەندروستی شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە رەوانەی سلێمانی کرا، دواتر لە سلێمانی بەھۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا” جاسم محەمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، “گەنجەکە تەمەنی نزیکەی 25 ساڵە و دانیشتووی قەزای دەربەندیخانە، شۆفێری بارھەڵگرەکەش دەستگیرکراوە”.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر