بەپێ چووە عەمرە
دوایی گەشتێکی 44 رۆژ ئاوارە گەڕایەوە هەولێر
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
ئەو گەنجەى خاکى هەرێم و عێراقى بەپێ بڕى تا بگاتە بە سعودیە و عومرە ئەنجام بدات، شەوى رابردوو گەڕایەوە هەولێر، بە 964ـى وت،”بەنیازە ئەمجارە بەپێ بچێتە ئەمریکا”.
گەنجەکەى شارى هەولێر 38 رۆژى پێویست بووە تا گەیشتووە بە خاکى سعودیە، هەرچەندە وەک باسى دەکات لە رێگا توشى ئاستەنگى زۆر بووە، بەڵام چونکە ئامانجێکى هەبووە کۆڵى نەداوە.
ئاوارە ئەسعەد ئەو گەنجەیە کە بەپێ گەشتى سعودیەى کردووە، لە لێدوانێکدا بە 964ـى وت،”بەپێ رۆشتن بۆ ئەو ماوەیە فێرى ئارامگرتنى کردم، زۆر دڵخۆشبوون بەم گەشتە، بۆیە لە پلانمدایە گەشتى دیکەى هاوشێوە بەپێ ئەنجام بدەن، بەڵام ئەمجارە بۆ ئەمریکا”.
ئەو گەنجە هەرچەندە ئەزموونى بەپێ رۆشتنى نەبووە لە بیاباندا، بۆیە لەسەرەتاوە هەستى بە دڵەڕاوکێیى کردووە، بەڵام وەک باسى کرد، ناوە ناوە ئۆتۆمبێلێک دەوەستا و خواردن و خواردنەوە و هاوکارى پێشکەش دەکرد، هەروەها دەستخۆشى و پشتگیریان دەکرد بۆ ئەو هەنگاوەى ناویەتى.
“دەمەوێت کەمێک پشوو بدەم و ئەمجارە ئامانجم ئەوەیە بەپێی بچمە ئەمەریکا و ئاڵای کوردستان لەناو ئەمەریکا بەرزبکەمەوە”، ئاوارە ئەسعد وای وت.
ئاوارە گەنجێکی دانیشتووی ناحیەی هیرانی سەر بە قەزایی شەقڵاوەیە و نزیکەی دوومانگ بەر لە ئێستا بەپێ گەشتى سعودیەى ئەنجامدا و دواى 44 رۆژ، بە فڕۆکە گەڕایەوە هەرێمى کوردستان.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح