ئەمڕۆ بەڕووى گەشتیاراندا دەکرێتەوە
چارستینی زەردەشتییەکان لە دهۆک نۆژەنکرایەوە
964+
وریا فەتاح
نۆژەنکردنەوەى ئەشکەوت و ناوچەی چارستین تەواو بووە و بڕیارە ئەمڕۆ بەڕووى گەشیاراندا بکرێتەوە، شوێنەوارى دهۆکیش داوا لە گەشتیاران دەکات سەردانى شوێنەکە بکەن.
ئەشکەوت و ناوچەی چارستین کە ناوچەیەکی گرنگی زەردەشتییەکانە لە بادینان و ئێستا بووەتە ناوچەیەکی گەشتیاریی، دەکەوێتە گەلی دهۆک لە سنووری پارێزگای دهۆک.
نۆژەنکردنەوەکە لەلایەن ریکخراوی یونیسکۆ و رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی و رێکخراوی وادی ئەڵمانی بە پشتگیری یەکێتی ئەوروپا ئەنجامدراوە و 731 هەزار دۆلاری بۆ تەرخانکراوە و رێژەی 20%ـی کەرەستە و پێویستییەکانی لەلایەن پارێزگاری دهۆکەوە بۆ دابینکراوە.
پێشتر بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری شوێنەواری پارێزگای دهۆک بە 964ـی وتبوو، ئەو شەقامەی دەچێت بۆ چارستین درێژییەکەی یەک کیلۆمەترە و کۆنکرێت دەکرێت، هەروەها رووناکی بۆ شوێنەکە دادەنرێت، هاوکات بەپێی رێنماییەکانی شوێنەواریش رووناکی دەبردرێتە ناو ئەشکەوتەکە.
چارستین، ناوچەیەکی زەردەشتییەکانە و پێکدێت لە چەند شوێنێکی شوێنەواری گرنگ، لەوانە ئەشکەوتی چارستن، ئاتاشگا و شوێنی دروستکردنی شەرابی پیرۆز و کێلیا شەدای دایخما.
چارستین، ناوچەیەکی شوێنەواری بەناوبانگی دەڤەری بادینانە و مێژووەکەی بۆ هەزارەی یەکەمی پێش زاین دەگەڕێتەوە .
شوێنەوارى دهۆک دیمەنى نوێى دواى نۆژەنکردنەوەى ئەشکەوتەکە و رێگاى گەشتنى پێى داناوە و بڕیارە ئەمڕۆ 27.4.2025 بەڕووى میواناندا بکرێتەوە، بەچەند زمانێکى جیاوازیش روونکردنەوەى لەسەر ئەشکەوتەکەداوە و داوا دەکات سەردانى بکەن.