ئامادەی چاپە و چاوەڕێی سپۆنسەرە
ئارام شەمێرانی کتێبێک دەربارەی ژیانی وریا حەمەکەریم دەنووسێت
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
دوای مەرگی وریا حەمەکەریم رۆژنامەنووسی دیاری پارێزگای هەڵەبجە، ئارام شەمێرانی نووسەر و هاوڕێی کۆچکردوو، دەستیکردووە بە کۆکردنەوەی دۆکیۆمێنت لەسەر ژیان و وێستگە جیاوازەکانی کارکردنی وریا حەمەکەریم و لە ماوەی دوو مانگدا، لە دوو توێی کتێبێکدا بەشێکی زۆری ژیانی وریای کۆکردووەتەوە و لە ئێستادا ئامادەی چاپکردنە و چاوەڕێی سپۆنسەرە بۆ ئەوەی ئەرکی چاپکردنەکە لەئەستۆ بگرێت.
سەبارەت بە کتێبەکەی، ئارام شەمێرانی بە 964ـی وت، “بەو پێیەی وریا کەسێکی خۆشەویست و کۆمەڵایەتی بوو، بەڵگە و چیرۆکی زۆر هەبوون لەسەر ژیانی، ئەوەندەی توانیومە لە هەموو وێستگەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و کارکردنی و دوور لەهەر لایەنگرییەکی سیاسیی، بەڵگەم کۆکردووەتەوە و دوای چاپکردنیشی کتێبەکە دەبەخشرێت و نافرۆشرێت”.
“ئێستا کتێبەکە ئامادەیە و چاوەڕێی سپۆنسەرم ئەرکی چاپکردنی لەئەستۆ بگرێت، تا بتوانین پێشکەشی رۆحی وریای بکەین”، ئارام شەمێرانی وای وت.
ئارام شەمێرانی نووسەرێکی دیاری هەڵەبجەیە و خاوەنی گەلەرییەکی رۆشنبیری و ئەدەبییە، 21 کتێبی چاپکرای هەیە و سێ کتێبیشی لە چاپدایە و 12 بەرگیشی لەسەر مێژووی هەڵەبجە لە بوارە جیاوازەکاندا ئامادەیە، کە بینێرێت بۆ چاپ.
سەربەبەیانى رۆژى 6.2.2025، وریا حەمە کەریم پەیامنێر و پێشکەشکاری کەناڵی NRT، بە رووداوێکی هاتوچۆ لەسەر رێگای عەربەت – سلێمانی، گیانی لەدەستدا.
پێداچوونەوە: شۆرش قادری