"بە هەفتە سفتاحم نەکردووە"

بازاڕی مسفرۆشان لە سلێمانی وەزعیان خراپە

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

بازاڕی مسفرۆشان لە شاری سلێمانی وەزعیان خراپە و رازی نین لەو دۆخەی کە بەسەریان هاتووە.

نەوزاد حوسێن تەمەن 58 ساڵ، خاوەنی یەكێك لە كۆنترین دوكانەکانی زەرد و مسفرۆشییە لە بازاڕی مەحویی سلێمانی، لە ساڵی 1991 وە بۆ ماوەی 34 ساڵە بە خۆشەویستییەوە بەردەوامی بە پیشەكەی داوە و دەستبەرداری نەبووە.

نەوزاد حوسێن بە 964ـی وت، “بە هەفتە سفتاحم نەكردووە (هیچی نەفرۆشتووە)، بەڵام پیشەكەی خۆم تاسەر ئێسقان خۆشدەوێت و دەستبەرداری نابم”.

وەك خۆی باسی دەكات، بازاڕیان خراپە و خەڵكی ئێستا كەمتر ئەو بابەت و كەرستانە بەكاردەهێنن، بەڵام كڕیاری تایبەتی خۆشیان هەیە و وەك دەڵێن قەدری زێڕ لای زێڕنگەرە، كاڵاكانیشیان كەمێك گرانبەهایە و زۆربەیشی لە دەرەوەی وڵاتەوە بەدەستیان دەگات.

دەشڵێت، ئەم پیشەیە ژیانی بۆ مسۆگەر ناكات، بۆیە لەپاڵ پیشەكەیدا ئیشی دیكە دەكات، بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانی.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری