لە گەرمیان

ئۆتۆمبێلەکەیان وەرگەڕا و دایکی ماڵەکە گیانی لەدەستدا

شۆڕش قادری

لە سەر رێگای گوندی سەیدە لە کەلار، ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا کە ژن و مێردێکی تێدابوو، ژنەکە گیانی لەدەستدا و پیاوی ماڵەکەش برینداربوو.

سامان عەلی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان بە 964ـی وت، “ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 22.2.2025 ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیا سپۆرتاج لە نزیک گوندی سەیدە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و وەرگەڕاوە”.

“ئۆتۆمبێلەکە بەئاراستەی کەلار هاتووە، ژن و مێردێکی تێدابووە، ژنەکە لەدایکبووی ساڵی 1970ـیە و گیانی لەدەستداوە، پیاوەکەش لەدایکبووی ساڵی 1967ـە و برینداربووە”، سامان عەلی وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی زانیارییەکانمان ئەو ژن و مێردە دانیشتووی گەڕەکی گردەگۆزینەی کەلارن.

وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان وتیشی، تەرمی ژنەکە لەپزیشکی دادی کەلارە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامه.