لە هەولێر

بازاڕی سیم تێكدەدرێت و لە سبەیەوە بازاڕی سپی دەكرێتەوە

+964

عەبدولعەزیز خالند – هەولێر

ئەمڕۆ تێكدان و رووخاندنی بازاڕی میللیی سیم لە هەولێر دەستیپێكرد و بازاڕەکە بۆ بازاڕی سپی دەگوازرێتەوە، كە مۆدێرێنە و تازە دروست كراوە، ئەنجومەنی بازاڕەكەش دەڵێت، لە سبەی یەکشەممەوە دوکاندارەکان دەتوانن کلیلی دوکانەکانیان لە بازاڕی سپی وەربگرن.

بازاڕەكە دەمێك بوو كێشەی لەسەر بوو، تا دواجار بڕیاری تێكدانی درا، چونكە دەكەوێتە ژێر ریكە گەورەكانی پاڵەپەستۆی بەرزی كارەبا و مەترسیدارە، چەند جارێكیش بازاڕەكە سووتاوە.

گەرمیان کاوە، ئەنجومەنی بازاڕی سیم، بە 964ی وت، ئێستا بەشێک لە دوکاندارەکان دەستیان کردووە بە تێکدانی دوکانەکانیان و گواستنەوەی کەلوپەلەکانیان.

وتیشی، سبەی لیژنەی تایبەت بە بازاڕی سیم دوکاندارەکان ئاگادار دەکەنەوە، دەتوانن بچن لە شارەوانی شەش، پسوولەیان وەربگرن و لە بازاڕی سپی دەست بەکاربن، بە تایبەتی ئەگەر بەشێكی قستەكانیان دابێت.

هیوان نوعمان، خاوەن دوکانە و بە 964ی، وت، دەستیان کردووە بە تێکدانی دوکانەکانیان و دەیانەوێت بچن بۆ بازاڕە نوێیەکە و دەست بەکاربن، چونكە بازاڕی سپی بازاڕێکی مودێرنە و دڵخۆشن بە کرانەوەی بازاڕەكە.

بەشێك لە دوكاندارەكان بەو بڕیارە ناڕازی بوون، بەڵام ئیتر چاریان نییە و بازاڕی سیم تێكدەدرێت و هەڵدەگیرێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

دوكاندارانی بازاڕی سیم داوای دواخستنی گواستنەوەی بازا...

دوكاندارانی بازاڕی سیم داوای دواخستنی گواستنەوەی بازاڕەكە دەكەن