ھایدە بووە بە قوتابخانەیەک بۆ ئافرەتانی گەرمیان
964+
میلاد جەلال – کەلار
دوای ئەوەی ساڵی 2016 بەشی مێژوو لە زانکۆی گەرمیان تەواودەکات، بەھۆی بێ ھیوابوون لە دامەزراندن بڕیار ئەدات کاری دروومان بکات و لە ساڵی2017 سەنتەرێکی فێربوونی دروومان بۆ ئافرەتان لە قەزای کەلار دەکاتەوە.
ھایدە حیسامەدین، دانیشتوی قەزای کەلارە تەمەنی33 ساڵە ، خاوەنی سەنتەری بەرگدووری ھایدەیە بە تۆڕی964ی راگەیاند، سەنتەرەکەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی کار و راھێنانی پیشەیی گەرمیانە، بەھۆی حەز و خولیای بۆ کاری بەرگدووری لە ساڵی2017 بڕیاریداوە ئەم سەنتەرە بکاتەوە و لەڕێگەی کردنەوەی خول کەسانیتریش فێری کاری خەیاتی بکات.
دەشڵیت، لە تەمەنی 15 ساڵی دەستی بە بەرگدووری کردووە، سەرەتا تەنھا کارەکانی خۆی ئەنجامداوە، بەڵام دواتر کاری بەرگدووری بۆ ئەندامانی تری خێزانەکەشی ئەنجامدەدات و ئێستاش کردوویەتی بە پیشەیەکی سەرەکی.
خانەوادەکەی بووە بە پاڵپشتیەک بۆی تاکوو زیاتر بەردەوام بێت لە کارەکەی، وەک خۆی دەڵێت: زۆرێک لە ئەندامانی خانەوادەکەی و دایک و باوکیشی کاری دروومان دەکەن، ئەمەش زیاتر وای لێدەکات بەردەوام بێت لەسەر پیشەکەی.
تاوەکو ئێستا لە خولەکانی ھایدە نزیکەی 900 کەس بەشداریان کردووە و لەو ژمارەیاش نزیکەی 60 کەس فێری کاری دروومانی بوون، کار بۆ خەڵک دەکەن و بوون بە خاوەن کاری خۆیان.
خولەکان لە دوو ئاست پێکدێت ئەوانیش سەرەتایی و جلی دەرەوە(مۆدە) ماوەی خولەکان یەک مانگە، لە کۆتایشدا لەڕێگەی مەراسیمەوە بڕوانامەی باوەڕپێکراوی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەدرێت بە بەشداربوانی خولەکە.