وەبەرهێنانی سلێمانی هۆشداری دەداتە پڕۆژەکان

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی هۆشداری لەبارەی ئاوی پڕۆژەکان و وەرگرتنەوەی قیستی یەکەکان دەدات.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە دوو نووسراودا کە لە دووی ئەم مانگەدا دەرکراون و واژۆی عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانییان لەسەرە، ئاراستەی سەرجەم پڕۆژەکانی وەبەرهێنان کراوە، تێیدا پێی راگەیاندوون کە پێویستە سەرجەم پڕۆژەکان چاودێری تەندروستیی ئاوی پڕۆژەکانیان بکەن و مادەی کلۆر بۆ پاککردنەوەی ئاوەکانیان بەکار بهێنن.

ئەوەش هاتووە، پێویستە کارئاسانی بکرێت بۆ تیمەکان بۆ وەرگرتنی نمونە لە ئاوەکانیان بە مەبەستی تاقیکردنەوە و دڵنیابوونەوە لە پاکییان.

هەروەها باس لەوەش کراوە، پێویستە وەبەرهێنەرەکان رەچاوی بارودۆخی هاوڵاتیان بکەن و لە بەرزونزمیی نرخی دۆلاردا قیستەکانیان بە دینار وەربگرن و نرخێکی جێگیریش بەرامبەر دۆلار دابنێن.

عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی بە تۆڕی964ی راگەیاند: بۆ ئاوی پڕۆژەکان ساڵانە ئەو بڕیارە لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی دەردەکەین تا بزاندرێت ئاوی پڕۆژەکان بەکەڵکی خواردنەوە دێن یاخود نا.

دەشڵێت: بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کاریگەریی کردووەتە سەر ئەو هاوڵاتیانەی یەکەیان هەیە و قیست دەدەنەوە، بۆیە جارێ هیچ بڕیارێک لەوبارەیەوە نەدراوە بەڵام ئێمە داوامان لە وەبەرهێنەکان کردووە خۆیان بارودۆخی خەڵک لەبەرچاو بگرن.

پیشتر دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێم رایگەیاندبوو؛ چاوەڕوانی رۆژی 15ـی ئەم مانگە دەکەن کە گوایە نرخی دۆلار جێگیر دەبێتەوە، ئەگینا دوای ئەو وادەیە لە بەرژەوەندیی هاوڵاتیان بڕیار دەدەن.