هەڕەشەشیان لێكردووە

ڤیدیۆ: دەستڕێژیی گولـلە لە ماڵی پەرلەمانتارێكی عێراق كرا

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

پەرلەمانتاری عێراق مستەفا سەنەد، كە كەسایەتییەكی ناودارە، رایگەیاند لە لایەن كەسانی نەناسراوەوە هێرش كراوەتەسەر ماڵەكەی لە شاری بەسڕە و دەستڕێژیی گولـلەیان لێكردووە.

مستەفا جەبار سەنەد ئەمڕۆ دووشەممە 6.1.2025 راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و 964 بینیویەتی، تێیدا ئاماژە بەوە دەكات، دوێنێ لە لایەن لایەنێكی نەناسراو نامەیەكی پێگەیشتووە، كە نازانێت كێن و هۆكاری نامەكە چییە، تێیدا هەڕەشەیان لێكردووە و هۆشدارییان داوەتێ كە نابێت بەردەوام بێت.

مستەفا سەنەد دەڵێت، مەبەست لە نامەكە ئەوەیە، لە خستنەڕووی دۆسییەكان بەردەوام نەبێت، كە ناوەناوە لە پەرلەمان دەیانخانەڕوو.

سەنەد لە تیلیگرامی خۆی ڤیدیۆیەكی بڵاوكردووەتەوە، كە لە كامێرای چاودێریی ماڵەكەی تۆمار كراوە و دیارە كە دەستڕێژیی گولـلە لە ماڵەكەی دەكرێت و دواتر تەقەكەرەكان بە ئۆتۆمبێلێكی رەش را دەكەن.

مستەفا سەنەد، كە بە پەرلەمانتارێكی بوێر و چاونەترس ناوی دێت، كاتی خۆی سكاڵای لەسەر محەمەد حەلبوسیی سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق تۆمار كرد، هەر ئەمەش یەكێك بوو لە هۆكارەكانی كشاندنەوەی متمانە لە حەلبوسی، كە دواتریش بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دوورخرایەوە.

ئەمە یەكەمجار نییە تەقە لە ماڵی سەنەد دەكرێت و پێشتر لە كۆتایی مانگی حەوتی 2022 جارێكی دیكە دەستڕێژیی گولـلە لە ماڵەكەی كراوە.

ژمارەیەک پەرلەمانتار بۆ سوپای عێراق: کێشە بۆ جوتیارانی...

ژمارەیەک پەرلەمانتار بۆ سوپای عێراق: کێشە بۆ جوتیارانی کورد دروست مەکەن