لەسەر رێگای پێنجوێن - سەیدسادق شۆفێرێک قۆڵبەست کرا

هەر شۆفێر تانکەرێک وریا نەبێ و نەوتی رەش بڕێژێت، دەستگیر دەکرێت

شۆڕش قادری

هەر شۆفێر تانکەرێک وریا نەبێ و نەوتی رەش بەسەر جادەدا بڕێژێت، دەستگیر دەکرێت و ئەمڕۆش لە ناڵپارێز شۆفێرێک قۆڵبەست کرا.

هێمن کەمەرخان وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ یەکشەممە 22.12.2024 لە لایەن مەفرەزەیەكی بنکەی پۆلیسی دارستانی ناڵپارێزەوە، لەسەر شەقامی سەرەکی نێوان پێنجوێن – سەیدسادق، شۆفێرێکی تانکەر دەستگیرکراوە و تانکەرکەش دەستی بەسەرداگیراوە”.

“ئەو تانکەرە رێژەیەکی زۆر لە نەوتی رەشی لەسەر شەقامەکەدا رشتبوو کە بووبوە هۆی مەترسی بۆ سەر ژیانی شۆفێران و ئۆتۆمبێلەکانی تر”، هێمن کەمەرخان وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو رووداوە کراوەتەوە و بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی رادەستی دادوەر کراوە.

هێمن کەمەرخان وتیشی، دەبێ شۆفێر تانکەرەکان وریا بن و هەر تانکەرێک نەوتی رەش بەسەر شەقام و جادەکاندا برێژێت، شۆفێرەکەی دەستگیر دەکرێت.