پۆلیسی دارستانی شارباژێر
سێ راوچی لە گوندی مەروێ دەستگیر کران
964+
ژوولی عەدنان
سێ راوچی لە گوندی مەروێ بە تۆمەتی راوکردنی باڵندەی کێوی دەستگیرکران.
راوچییەکان لەلایەن مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی دارستانی شارباژێر و بە هاوکاری ئاسایشی قەزای چوارتا دەستگیرکراون.
هێمن کەمەرخان وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ـی وت ”تیمەکانمان بەردەوام هەرد و چیاکانی سنووری سلێمانی و دەوروبەری دەپشکنن و بەدوای راوچییەکاندا دەگەڕێن، ئەم راوچییانە باڵندەی کێوییان راوکردووە لە سنووری گوندی مەروێ، لەبەرئەوە دەستگیرکراون”.
وتیشی، لە کاتی دەستگیرکردنیان سێ چەکی تاپڕ و چوار فیشەکی تاپڕ و یەک چەقۆ و ئۆتۆمبێلێکیان لە راوچییەکان گرتووە.
باسی لەوەش کرد، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ تۆمەتبارەکان رێکخستووە و رادەستی دادوەر کراوە.
” پاراستنی سروشتی کوردستان لە هەموو روویەکەوە وەفادارییە بۆ وڵات، ئەرکی سەرشانی هەموومانە، بۆیە داوادەکەین هەرکەسێک سەرپێجی ببینێت پەیوەندی بە تیمەکانمانەوە بکات”، هێمن کەمەرخان وای وت.