سەگێکی بریندار تیمار دەکرێت

بەرگریی شارستانیی سۆران هەر مرۆڤەکان رزگار ناکات؛ بەهانای ئاژەڵەکانیشەوە دەچن

شۆڕش قادری

بەرگریی شارستانیی سۆران هەر مرۆڤەکان رزگار ناکات، بەهانای ئاژەڵەکانیشەوە دەچن و تیماریان دەكەن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 26.11.2024 لەسەر رێگای سەرەکی خەلیفان – هەولێر ئۆتۆمبێلێک لە سەگێک دەدا و بەسەختی برینداری دەکات.

چەند خولەکێک دوای رووداوەکە کاروان میراودەلی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بەوێدا تێپەڕدەبێت و رووداوەکە دەبینێت، بۆیە  چاوپۆشی لێناکات و دەستبەجێ لەگەڵ چەند کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە، سەگەکە دەبەنە قەراغ جادەکە و فریاگوزاری سەرەتایی بۆ ئەنجام دەدەن.

کاروان میراودەلی ئەم چیرۆکەی بۆ 964 گێڕایەوە و وتی، “ئەگەرچی زۆر هەوڵماندا بەدەست و باوەش، سەگەکە بهێنینە قەراغ جادەکە، بەڵام بەهۆی ئازاری جەستەی، دەرفەتی نەدەدا، بۆیە بە پەت و بێ ئازاردان هێنامانە شوێنێكی سەلامەت”.

“بەداخەوە ئاژەڵان لای بەشێک لە هاوڵاتیان جێگای بایەخدان نین، بەڵام لای ئێمەی بەرگریی شارستانی هاوشێوەی روحی مرۆڤەکان گرنگن، ئەگەر مێرولەیەکیش بێت”، کاروان میراودەلی وای وت.