خاوەنی پەیجێكی سۆشیال میدیا لە هەولێر دەستگیر کرا
ڤیدیۆی ژنان و كچانی گرتووە و هەڕەشەی لێكردوون و داوای پارەی كردووە
964+
شۆڕش قادری
لە هەولێر خاوەنی پەیجی چارەسەرکردنی کێشەی خێزانی لە فەیسبووک دەستگیر کرا.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر تۆمەتبار (هـ ، ع ، ح) مان دەستگیر کرد کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک هەڵساوە بە دروستکردنی هەژمارێک بەناوی (چارەسەرکردنی کێشەی خێزانی)”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆمەتبار لەگەل ژمارەیەک ژن کەوتووەتە پەیوەندی بەناوی چارەسەرکردنی کێشە خێزانیەکانیان و دواتر بە پلانێک وێنە و گرتەڤیدیۆی ئەو ژنانەی تۆمار کردووە.
بە قسەی ئاسایشی هەولێر، “تۆمەتبار هەڕەشەی لەو کچ و ژنانە کردووە و پێی وتوون ئەگەر پارەی نەدەنێ، وێنە و ڤێدیۆکانیان رەوانەی کەسوکاریان دەکات، بەوەش بڕێکی زۆر پارەی لەو ژنانە وەرگرتووە”.
دەشڵێت، بەدواداچونەکانیان بەردەوام دەبێت لەسەر ئەم جۆرە کەسانە و هەموو هەوڵێکی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ دۆزینەوە و دەستنیشان کردنیان.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داوا لە هاوڵاتیان دەکات، پەیوەندیەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان سنووردار بکەن و متمانە بە کەسانێک نەکەن، کە نایانناسن و جێگای متمانە نین، هەرکەسێکیش سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمەتباری دەستگیرکراو هەیە، با سەردانی ئاسایشی هەولێر بکات.