بەیوەندى بە دۆسیەى دامەزراندنى گرێبەستەکانەوە هەیە

یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆى راپەڕین دەستى لەکارکێشایەوە

964+

وریا فەتاح

دواى ئەوەى دامەزراندنى ژمارەیەک وانەبێژى دەنگدانەوەى لێکەوتەوە و بەرپرسانى زانکۆى راپەڕین تۆمەتبارکران بەوەى لێهاتوویی و شایستەییان رەچاو نەکردووە و کەسوکارى خۆیان دامەزراندووە، یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆکە دەستى لەکارکێشایەوە و داواى لێبووردن دەکات.

د. پێشەوا حەمید، یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆى راپەڕین لە پەڕەى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بڵاوى کردەوە، ماوەی 12 ساڵە ( وەک سەرۆک بەش، راگری کۆلێژ، یاریدەدەری سەرۆک زانکۆ) لە ئیدارەی زانکۆ ئەرک و بەرپرسیارێتم هەیە، لەماوەی کارکردنم دەمتوانی وەک هەموو هاوڵاتییەکانی دیکە کە فەرمانی وانەبێژی بۆ براو ئامۆزاو کەسوکارم دەربکەم کە یاسایی و ئاسایی بوو، بەڵام نەمکرد و نایکەم،  بۆ کەیسی ئەمجارە، تەلەفۆنم بۆکرا و گوتیان بەڵێنیان پێداوین هەندێک گرێبەستمان بۆبکەن ناوی سیانی برایەکەت و شهادەکەمان بۆ بنێرە، منیش وەک هەر هاوڵاتیەکی ئاسایی دیکە بۆم ناردن، چونکە ئەو مافەی هەیە و 14 ساڵە دەرچووی زانکۆیە، بەڵام دوای ئەوەی لیستی ناوەکان گەڕایەوە بۆم دەرکەوت کە لەچوارچێوەی وانەبێژی کراوە.

” بەهیچ شێوەیەک و دوور و نزیک ئاگاداری باش و خراپی بابەتی ئەم دامەزراندنە نیم، لەبەر ئەوە بۆ رێزگرتن لە ناوبانگی بنەماڵەکەم، و پەروەردەی باوکم و دایکم، و کەسایەتی و خۆم، و جوانبینی و چاوەروانی هاورێیانم لە ستافی مامۆستاو خوێندکارانی خۆشەویستی زانکۆ، بۆ شانازی مناڵەکانم لێرەوە دەست لەکارکێشانەوەم لە پۆستی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ رادەگەیەنم، و تەنها وەک وانەبێژ لەم زانکۆیە بەردەوام دەبم.

دەستلەکارکێشانەوەى ئەو بەرپرسەى زانکۆى راپەڕین لە کاتێکدایە، بەرپرسانى زانکۆى راپەڕین تۆمەتبارکراون کە براو خوشک و خزم و کەسوکارى خۆیان خستووەتە ناو لیستى دامەزراندنەکە و خەڵکیان بە ناشایستەیى وەرگرتووە.

پێشتر 964 لە رێگەى واتساپەوە نامەى بۆ د.ئارام محەمەد وەزیرى خوێندنى باڵا ناردبوو، بەڵام تا ئێستا وەڵامى نەبووە.

مامۆستایانى زانکۆى راپەڕین گردبوونەوە

مامۆستایانى زانکۆى راپەڕین گردبوونەوە