براى گەنجە کوردە کوژراوەکەى ئەڵمانیا:
“پۆلیس تەرمەکەى داوە بە شارەوانى و وتویەتى بێکەسە بینێژن”
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
براى ئەو گەنجە کوردە کوژراوەى ئەڵمانیا، چیرۆکى کوژرانى براکەى بۆ 964 دەگێڕێتەوە و دەڵێت، پۆلیسى تەرمەکەى داوە بەشارەوانى تا وەک بێکەسێک بینێژێت.
رووداوەکە بەم شێوەیەیە، گەنجێکى کوردى خەڵکى هەولێر کە 21 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژیت لە رووداوێکى نادیاردا لە یەکێک لە زیندانەکانى ئەو وڵاتە دەکوژرێت.
هیجران عەباس جوکل کە براى ئەو گەنجە کوژراوەیە و لە هەولێر دادەنیشێت، قسەى بۆ 964 کرد و وتى،” براکەم ناوى محەمەدە و 21 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژیت، جگە لەو برایەم چوار براى دیکەم لە ئەڵمانیا دەژین، بەڵام ئەو برایەم بەهۆى شەڕکردنەوە چەند مانگێکە لە زیندانى چاکسازى دۆسڵدۆرف زیندانى کراوە”.
وەک باسى دەکات، ماوەى 10 رۆژ بوو هیچ هەواڵێکیان لە براکەیان نەبووە، تا ئەو کاتەى کەسێک لە زیندانەوە هەواڵى پێداون کە براکەیان لە زیندان نەماوە و دواى بە دواداچوون بۆیان دەرکەوتووە کە کوژراوە.
بە وتەى هیجران، پۆلیس تەرمى محەمەدى براى رادەستى شارەوانى کردووە تا وەک بێکەسێک بەخاکى بسپێرن، بەڵام دواى ئەوەى براکانى دیکەى پەیوەندى بە پۆلیسەوە دەکەن، شارەوانى بەخاکسپاردنەکەى راگرتووە.
“نازانین بکوژ کێیە و چۆن کوژراوە، ئەوەى پێمان وتراوە کوژراوە و زەبرێک بەر سەرییەوەیەتى، ئێستا پشووە و رۆژى دووشەممەى داهاتوو براکانم سکاڵە لەسەر بەڕێوەبەرایەتى زیندانەکە تۆمار دەکەن، بەتایبەت کە 10 رۆژە مردنەکەیان شاردووەتەوە و رێگە نادرێت ببینرێت”، هیجران واى وت.
ئاماژە بەوەش دەکات، دواى یەکلایی کردنەوەى دۆسێکەى بڕیاریانداوە تەرمەکەى بگەڕێننەوە کوردستان و بە خاکى بسپێرن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح