دژى کارەباى 24 کاتژمێرین
خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکانى هەولێر گردبوونەوە
964+
شۆڕش عەبدوڵا- هەولێر
هەرچەندە ژمارەیان لە 2500 خاوەن مۆلیدە زیاترە، بەڵام زیاتر لە 250 خاوەن مۆلیدەى ئەهلى هەولێر گردبوونەوە و دژى سیستمى پریپەید و کارەباى 24 کاتژمێرین کە لەلایەن کۆمپانیاکەوە جێبەجێ دەکرێت.
رۆژى 17ـى ئۆکتۆبەرى 2024، لە کاتی سەردانێکیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی رووناکی راگەیاند، کە وەک سایتى فەرمى حکومەت دەڵێت: ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.
سایتى حکومەتى هەرێم روونى کردووەتەوە، پێش سێ مانگ، وەک قۆناغێکی ئەزموونی بۆ پڕۆژەى رووناکى گەڕەکی شادی هەڵبژێردرا، بۆ ئەوەی بزانرێت تا چەند پڕۆژەکە سەرکەوتوو دەبێت، بەڵام ئەمڕۆ سەرۆکى حکومەت سەردانی چەند ماڵ و خاوەنکارێکى کردووە و رازى بوون لەوەى لەوەی کارەبای نیشتمانی 24 کاتژمێریيان بۆ دابینکراوە.
" تا کۆتایيی ساڵی 2026 کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرتاسەری کوردستان دابین دەکرێت"
لە دژى ئەو بڕیارە، ئەمڕۆ خاوەند مۆلیدەکانى هەولێر گردبوونەوە و وەک باسى دەکەن بە جێبەجێکردنى ئەو بڕیارە زیاتر لە 50 هەزار کەس لە خاوەن مۆلیدە و ئیشپێکەر و کارەباچى و گازفرۆش بێ ئیش دەبن.
لاى خۆیەوە، ئەندازیار قارەمان مەولوود، لێپرسراوی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر بە 964ـى وت،”ئەوان کێشەیان لەگەڵ کارەباى 24 کاتژمێرییە، بەڵام تائێستا داواکاریان بە تەواوەتى دیار نییە”.
لە ئێستادا گردبوونەوەى خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان لەبەردەم بیناى پارێزگارەوە بەرەو ئەنجومەنى وەزیران جوڵەیان کردوو و دەیانەوێت حکومەت وەڵامیان بداتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح