بە رۆژیش دەچێ بۆ ئوردن
قەتەر گەشتەکانی بۆ عێراق و ئێران و لوبنان راگرت
964+
ئەحمەد مستەفا
هێڵی ئاسمانی قەتەری دەڵێت، بەهۆی بارودۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێڵەکەیی بۆ ماوەیەکی کاتی گەشتەکانی بۆ عێراق و ئێران و لوبنان تا ئاگادارکردنەوەی داهاتوو راگرت.
هێڵە ئاسمانییەکە ئاماژەی بەوەکردووە، تەنیا گەشتەکان بۆ عوممانی پایتەختی ئوردن لە کاتی رۆژدا بەردەوام دەبن و ئەنجام دەدرێن.
زۆرێک لە هێڵە ئاسمانییەکان یان خۆیان دوور دەگرن لە ئاسمانی عێراق یان گەشتەکانیان بۆی راگرتووە، بەپێی زانیاری دەستکەوتوو، کۆمپانیای فڕۆکەوانی SunExpress کە پێشتر گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ تەل ئەبیب راگرت، تا 17.12.2024 گەشتەکانی بەیروت و هەولێریشی هەڵوەشاندەوە.
هەروەها، پێشتر ئیدارەی فڕۆکەوانی فیدراڵیی ئەمریکا، سنووردارکردنی کاری هێڵەکانی بازرگانی بەسەر ئاسمانی عێراق بۆ گەشتە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە درێژکردەوە، ئەوەش بەهۆی مەترسییەکانی سەر گەشتە ئاسمانییەکان.
ئیدارەکە لە راگەیەندراوێکدا کە 964 بینیوویەتی ئاماژەی بەوەکردبوو، قەدەغەکردنی فڕینی خوار بەرزاییە دیاریکراوەکان، تا مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2027 درێژ کردەوە، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو مەترسییانەی کە بەهۆی چالاکییەکانی “میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لایەنی سێیەمەوە ئەگەری دروست بوونیان هەیە”.
بەپێی بڕیارەکە، ئەو سنووردارکردنانە ئەو کۆمپانیایانەش دەگرێتەوە، کە گەشتە هاوبەشەکانیان لەگەڵ هێڵە ئاسمانییەکانی ئەمریکا ئەنجام دەدەن، مانگی رابردوو وەزارەتی گواستنەوەی ئەمەریکا سزای 250 هەزار دۆلاری بەسەر کۆمپانیای ئایر کەنەدا سەپاند بەهۆی ئەنجامدانی گەشتە ئاسمانییەکانی ساڵی 2022 و 2023 لە ئاسمانی قەدەغەکراوی عێراق.