ئەم تایبەتمەندییەی کوردستان بپارێزن
مەترانەکانی عەنکاوە داوا لە کریستیانەکان دەکەن بچن دەنگ بدەن
+964
ژووری هەواڵ
مەترانەکانی عەنکاوە نامەیەکیان بۆ کریستیانەکانی کوردستان نووسیوە و داوایان لێدەکەن، بە گەرموگوڕی بەشداری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بکەن.
نامەکە ئیمزای سێ مەترانی لەسەرە (مەتران مار بەشار مەتی وەردە، مەتران مار نیقۆدیمۆس داود، مەتران نسنائیل نزار سەمعان) تێیدا نووسیویانە ”ئەم نامەیەتان بۆ دەنووسین بۆ ئەوەی هانتان بدەین بەشدارییەکی کارا و راستەقینەتان هەبێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەشداریکردن لەم پرۆسە دیموکراسییەدا لەسەر ئێمەی ئیماندار ئەرکە”.
مەترانەکان دەڵێن ”هەڵبژاردن دەرفەتە بۆ دەربڕینی راو هەڵبژاردنی ئەو نوێنەرانەی لە ئاست خواستی هەمووماندا دەبن و لەگەڵ خوشک و براکانیان لە پەرلەمانی کوردستان بەشدار دەبن لە بنیادنانی ئایندەی نەوەکانمان”.
هەرسێ مەترانەکە لە نامەکەدا بیری کریستیانەکان دەهێننەوە، کە دەبێت بەشداربن لە پاراستنی ئەو تایبەتمەندییەی لە کوردستاندا هەیانە، لە نامەکەدا هاتووە ”هەرێمی کوردستانی خۆشەویست گەورەترین کۆمەڵگای کریستیانەکانی لەخۆگرتووە، کۆمەڵگایەکی ئارام لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، پارێزگاری لەم تایبەتمەندییە ئەرکی هەموومانە”