هەموو باراناوی ئەو دەوروبەرەی لێ کۆدەبێتەوە
ئەگەر ئەمساڵ بارانەکەی باش بێت، بەستۆرە خەنی دەبێت
ژووری هەواڵ
ئەگەر ئەمساڵ باران باش ببارێت، ئەوا بڕێکی چاک ئاو لە بەستۆرە کۆدەبێتەوە، ئەمەش هەم بۆ ئاوی ژێر زەوی باشەو هەم بۆ ئاودێری و هەم بۆ سامانی ماسی، جا مەسەلەی گەشتیاری لەولاوە بوەستێت.
دوێنێ دووشەممە (14.10.2024) کاتێک مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوبوونی بەنداوی بەستۆرەی راگەیاند وتی ”هیوادارین ئەمساڵ بایی ئەوەندە باران ببارێت ئەو بەنداوەمان پڕ ببێت و بێین چێژی لێ ببینین”.
کۆتایی مانگی شەشی ساڵی رابردوو سەرۆکی حکومەت بەردی بناغەی ئەم بەنداوەی دانا و قەول بوو بە ساڵ و شتێک تەواو بێت، هەر وا دەرچوو، لەو کاتەی دیاریکرابوو تەواوبوونی بەنداوەکە راگەیەندرا، گرنگییەکەی ئەوەیە ئەگەر باران باش ببارێت بە ساڵێک پڕ ئاو دەبێت، چونکە دەکەوێتە سەر رێڕەوی ئاوی باراناوی ناوچەیەکی سەد کیلۆمەتری و هەتا 20 ملیۆن مەتر سێجا ئاو کۆدەکاتەوە کە ئەمەش زۆر زۆرە.
هەتا 20 ملیۆن مەتر سێجا ئاو کۆدەکاتەوە
هەموو مەسرەفی ئەم بەنداوە لە ئەستۆی شێخ باز بەرزنجی بووە، دوێنێ سەرۆکی حکومەت خۆی وتی ”جێی خۆیەتی کە سوپاسی کاکە شێخ باز بکەم، بەرپرسیارێتی دروستکردنی لە ئەستۆ گرت”.
بەنداوەکە دەکەوێتە سەر رێڕەوی باراناوی ناوچەیەکی 100 کیلۆمەتری
شێخ باز بەرزنجی یەکێکە لە سەرمایەدارە دیارەکانی کوردستان و خاوەنی کار گروپە، لەسەر ئێکس (تویتەری جاران) وتارەکەی خۆی بڵاوکردووەتەوە کە هەر دوێنێ لە لای بەنداوەکەوە پێشکەشی کردووە.
شێخ باز دەڵێت ”هیچ شتێک لەوە مایەی دڵخۆشتر نییە کە مرۆڤ دەستی هەبێت لە کارێک کە چاکەی گشتی تێدابێت.. ئەم بەنداوە تەنیا پێویستییە سەرەکییەکانمان چارەسەر ناکات بەڵکو دڵنیایی دەداتە نەوەکانی داهاتوو کە دەستیان بەو سامانە گرنگە دەگات”.
بەپێی قسەکانی بێت بەم کارەوە ناوەستێت و هێشتا شتی تری لە هەگبەدایە، چونکە دەڵێت ”ئەمە بەشێکە لە پابەندبوونک بە خزمەتکردنی وڵاتەکەم، هەرچی لە توانامدا بۆ خزمەتکردنی گەلەکەم کەمتەرخەمی ناکەم بەو پەڕی بەرپرسیارێتییەوە دەیکەم”.