چوار هەزار رووداوی لەناکاو لە هەولێر روویداوە

+964

فەهمی نەبی -هەولێر

سەنتەری فریاکەوتنی خێرای هەولێر، رایدەگەیەنێت لە ماوەی مانگێکدا فریای چوار هەزار حاڵەتی کتوپڕ کەوتوون و چارەسەریان پێداون.

ئەمڕۆ دووشەممە 30ی کانوونی دووەم، سەنتەری هەماهەنگی و فریاکەوتنی خێرای هەولێر، ئاماری مانگێکی فریاکەوتنی بڵاوکردەوە.

بەپێی ئامارەکە بێت، ئەو چوار هەزار حاڵەتە لە ماوەی یەک مانگی سەرەتای ئەمساڵ روویداوە، واتا بە تێکڕای مانگی کانونی دووەم، بۆ هەریەکە لە رووداوەکانی هاتوچۆ و ئاگرکەوتنەوە و بەشێکی دیكه‌ی رووداوی دۆخی لەناکاوی وەک فشاری خوێن و شەکرە و پەرکەم بووە.

دکتۆر رێزان ئەنوەر، بەڕێوەبەری بەشی کردە پزیشکییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر، بۆ تۆڕی 964 دەڵێت، هەموو ئەو خزمەتگوزارییانە بەخۆڕاییە و خەڵک دەتوانن لە کاتی هەر رووداوێک پەیوەندی بە ژمارە 122 بکه‌ن.

وتیشی، “بە نیازین سەنتەری هەماهەنگی دروست بکەین، کە پێکدێت لە بەرگری شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، فریاکەوتنی سەرەتایی و نەهێشتنی تاوانەکان، بە جۆرێک ئیشی ئەو سەنتەرە ئەوەیە، کە رووداوێک روودەدات هەموویان بگەنە شوێنی رووداوەکە و وەزارەتی ناوخۆ سەرپەرشتی ئەو تیمە دەکات”.

سەنتەری فریاکەوتنی خێرای هەولێر، لە سێ شوێنی هەولێر بنکەی هەیە، لەسەر رێگه‌ی کەسنەزان- بنکەی تەندروستی خانزاد، لە دەربەندی گۆمەسپان – رێگه‌ی کۆیە، بنکەی فایزە هادی ئاغا هەیە، لە رێگه‌ی کەرکوکیش بنکەی شیراوە هەیە.