یاریزان و هەڵبژاردە و یانەکانى دوور دەخاتەوە

فیفا بەنیازە ئیسرائیل داخ بکات

964+

ژوورى هەواڵ

فیفا خۆی گورج کردووەتەوەو خەریکە بڕیارێکی قورس لە دژی ئیسرائیل دەدات، هەرچەندە لە ئێستاوە پێتان بڵێم زەحمەتە ئەمە سەر بگرێت، بەڵام ئەگەر بڕیارەکە دەربچێت ئەوە هەڵبژاردەی ئیسرائیل و یانە ئیسرائیلییەکان و هیچ یاریزانێکی ئیسرائیلی بۆیان نییە بەشداری هیچ کێبڕکێیەکی نێودەوڵەتی بکەن.

با بە وردی بۆتان باس بکەم چی دەگوزەرێت:

یەکێتی تۆپی پێی فەڵەستین داوایەکی دابوو بە فیفا، دەڵێت لەبەر ئەوەی ئیسرائیل خەڵک دەکوژێت و رێگری لە یاریزانە فەڵەستینییەکان دەکات و پێنج یانەی ئیسرائیلیش لەسەر کۆمەڵگا نا یاساییەکانی ئیسرائیل لە خاکی فەلەستیندا دروستکراون، بۆیەی داوا لە فیفا دەکەین سزای ئیسرائیل بدات و نەهێڵێت بەشداری کۆڕو کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان بکات.

ئەم داوایە تازە نییە، لە مانگی چوارەوە دراوە بە فیفا، بەڵام ئەوکات فیفا وتی مانگی حەوت قەرار دەدەین، دوای ئەوەش دوای خست بۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە.

فیفا لیژنەیەکی سەربەخۆی راسپاردبوو بەڵگە کۆبکەنەوە، ئەمڕۆ بەڵگەکان دران بە هەر 37 ئەندامەکەی فیفا، دەبوو ئەمڕۆ بڕیارێک بدرابایە، بەڵام ئەمڕۆش دیسان فیفا ماتڵی کرد، لیژنەی ئاکاری فیفا راسپێردراوە ئەوانیش لێکۆڵینەوە بکەن، فەڵەستینییەکان خۆیان زۆر هیوایان بە داواکەیان نییە، دەڵێن فیفا لە ژێر کاریگەری وڵاتە زلهێزەکاندایەو ئەوانیش پشتی ئیسرائیل دەگرن.

هەفتەی داهاتوو هەردوو وڵات بە جیا یارییان هەیە، رۆژی 10ـى مانگ فەلەستین لەگەڵ عێراق یاری دەکات لە چوارچێوەی پاڵاوتنی جامی جیهانی، هەمان رۆژ ئیسرائیل لەگەڵ فەرەنسا یاری هەیە بۆ خولی نەتەوەکانی ئەوروپا.

ئەمڕۆ 18ـەهەمین پاڵەوانیەتی جامى نەتەوەکانى ئاسیا دەست...

ئەمڕۆ 18ـەهەمین پاڵەوانیەتی جامى نەتەوەکانى ئاسیا دەستپێدەکات