هەموو بارانێك ئەوە حاڵیانە
هەرکە باران باری کۆبوونەوە و راماڵینی چەو کۆڵانێکی دوکان هەراسان دەکات
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
ماوەی هەشت ساڵ دەبێت، گەڕەكی چەوەسپی لە بانوانی قەزای دوكان بەدەست راماڵینی چەوی كۆڵانێكەوە گرفتارن و قایمقامی دوكانیش دەڵێت، “سەرۆكی شارەوانی رادەسپێرم گرفتەكەیان بۆ چارەسەر بكات”.
كۆڵانە قیرنەكراوەكە نزیكەی 20 مەتر دەبێت، كەوتووەتە سەرووی گەڕەكی چەوەسپی و باراناوی ناوچەكە هەمووی دەڕژێتە ئەو كۆڵانەوە و هەرچی چەوە رایدەماڵێتە بەردەم ماڵەكان.
یەكێك لە دانیشتووانی ئەو گەڕەكە، بەناوی محەمەد قادرەوە قسەی بۆ 964 كردووە و وتی، “هەموو ساڵێك لەگەڵ دەستپێكردنی وەرزی باران بارین ئەم چەوە دادەبارێت بەسەر گەڕەكەكەمان، زۆرجار هۆكارێك بووە بۆ روودانی رووداوی هاتوچۆ لەشەقامەكەدا و مەنهۆڵەكانی گەڕەكیش پڕبوون لەچەو و زۆربەیان گیراون، داوا لە شارەوانی دوكان دەكەین ئەو كۆڵانەمان بۆ كۆنكریت بكەن و لەو گرفتە رزگارمان بێت”.
كارزان تەها، یەكێكە لە دوكاندارەكانی گەڕەكی چەوەسپی و بۆ 964 باسی لەوەكرد، “من یەكێكم لە زەرەرمەندی ئەم رێگایەو چەند جارێك شوشەی جامخانەی دوكانەكەم شكاوە، بەهۆی دەرچوونی ئەو چەوە لە ژێر تایەی ئوتومبێلەكان، زۆرجار بینیومانە جامی ئوتومبێلەكانیش شكاوە و رووداوی جۆراوجۆری لێكەوتووەتەوە، داوا دەكەین لایەنی پەیوەندیدار چارەسەری ئەو كۆڵانەمان بۆ بكەن”.
دەربارەی گرفتی دانیشتووانی ئەو گەڕەكە، پەیامنێری 964 چەند جارێك پەیوەندی بە سەروەر ساڵح، سەرۆكی شارەوانی دوكانەوە كرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندیەكەی نەداینەوە.
دواتر گرفتەكەمان گەیاندە قایمقامیەتی دوكان و لەوبارەیەوە، سیروان لالە سەرحەد، قایمقامی قەزای دوكان بە 964ـی وت، “ئێمە لەبارەی ئەو گرفتە ئاگادار نەكراوینەتەوە و نەگەیشتووە بەئێمە، نازانم كێشەكەیان چییە، ئەوە ئەركی شارەوانی دوكانە، لای خۆمەوە سەرۆكی شارەوانی دوكان رادەسپێرم هەرچی زووە بەدواداچونی بۆ بكات و بۆیان چارەسەر بكات”.
“ئەگەر ئەو كۆڵانە گرفتی ئاو و ئاوەڕۆی نەبێت و ژێرخانی تەواو كرابێت، هەر كۆنكریت كردنی ئەو كۆڵانە بێت و بودجەیەكی كەمی پێویست بێت بەزووترین كات بۆیان جێبەجێدەكەین” قایمقامی دوكان وای وت.
قەزای دوكان سەربە پارێزگای سلێمانیە و لە هەشت گەڕەك پێكهاتووە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی