دینار و دۆلاریش سەقامگیر نین
هێرشە موشەکییەکەی ئێران نرخی تمەنی زیاتر دابەزاند
دوای هێرشە موشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل نرخی تمەن بەرامبەر دراوە بیانییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و بەهای دۆلاریش بەرامبەر دینار بەرزبووەوە.
کەیفی خۆشناو وتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ چوارشەممە 2.10.2024 هەر 100 دۆلارییەک بەشێوی نەختی بە شەش ملیۆن تمەن و بە حەواڵەش بە شەش ملیۆن و 200 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا لە بازاڕی دراوی هەولێر 100 دۆلار بە 153 هەزار و 250 دینارە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو و دوای هێرشە موشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، نرخی هەر 100 دۆلار لە بازاڕەکانی کوردستان تا نزیکەی 156 هەزار دینار بەرزبووەوە.
بەپێی زانیارییەکانی 964 لە بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئەمڕۆ یەک دۆلار لە نێوان 61 هەزار بۆ 61 هەزار و 500 تمەن، کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرێت.