لە کەرکوک گردبوونەوە

فەرمانبەرانی كۆمپانیای هەڵكەندنی بیری نەوت داوای دەرماڵەكانیان دەكەن

964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک

فەرمانبەرانی کۆمپانیای هەڵکەندنی بیرە نەوتییەکان لە كەركوك هاتنە سەرشەقام و گردبوونەوە، ئەوان دەڵێن كارەكەیان زۆر مەترسیدارە و دەبێت ئەو دەرماڵەیەی پێشتر بۆیان خەرج دەكرا، بگەڕیتەوە و نەبڕدرێت.

مەریوان مەجید سەرۆکی بەشی IT لە کۆمپانیای هەڵکەندنی بیرە نەوتییەکانی كەركوك، كە ئەمڕۆ چوارشەممە 25.9.2024 لە گردبوونەوەكەدا بەشداریی كرد، بۆ 964 قسەی كرد و دەڵێت، ئەوان ژمارەیان هەشت هەزار فەرمانبەرە و سەر بە كۆمپانیای هەڵكەندنی بیرە نەوتییەكانن لە باكوور و ناوەڕاست و باشووری عێراقدا.

وتیشی، کۆمپانیاکەیان کێشەی ئەوەی هەیە دەبێت مانگانە رەزامەندی وەربگیرێت بۆ ئەوەی دەرماڵەیان بۆ خەرج بکات.

وتیشی، “ئێستا دوایین زانیاری کە پێمان دراوە لە لایەن وەزارەتی نەوتەوە ئەوەیە، بەیەکجاری ئەو دەرماڵەیە دەبڕدرێت و پێمان نادرێ”.

مەریوان دەڵێت، “ئێمە تاکە کۆمپانیاین 24 کاتژمێر دەواممان هەبێت، بیانووی وەزارەت ئەوەیە کۆمپانیاکەمان بە دۆڕاو ناودەبات، بەو پێیەی بەرهەممان نییە، لە کاتێکدا وەزارەت خۆی هەڵکەندنی بیرە نەوتییەکان دەداتە کۆمپانیاكانی بەریتانیا و ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیكە، كە لە عێراق كاردەكەن و تەنیا دوو بیریان بە كۆمپانیای ئێمە داوە، بۆ ئەوەی نۆژەنی بکەینەوە”.

سیروان محەمەد، فەرمانبەرێكی دیكەی کۆمپانیای هەڵکەندنی بیرە نەوتییەکانە و بە 964ـی وت، لە كۆی هەشت هەزار فەرمانبەری كۆمپانیاكە لە عێراق، تەنیا لە کەرکوک هەزار و 300 فەرمانبەریان هەیە، ئەو دەڵێت، “كارەكەمان زۆر مەترسیدارە و بریندار و مردووشمان هەیە، فەرمانبەرمان هەیە لە کاتی نۆژەنکردنەوەی بیرە نەوتییەکاندا بریندار بوون و گیانیان لەدەستداوە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی 964 لە خۆپێشاندەرانی ئەمڕۆی كەركوك دەستیكەوتووە، لە ناوەڕاست و باشووری عێراقیش كارمەندانی كۆمپانیاكە خۆپیشاندان و گردبوونەوە دەكەن و وەك ئەوان دێنە سەر شەقام.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

بەشێک لە کرێکارانی کۆمپانیای نەوتی تەقتەق گردبوونەوە

بەشێک لە کرێکارانی کۆمپانیای نەوتی تەقتەق گردبوونەوە