دانیشتووی هەولێرن
دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر بە 2.6 کیلۆ کریستاڵەوە دەستگیر کران
964+
ژووری هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر و دەزگای ئاسایشی ھەرێم دەستبەسەرداگرتنی نزیکەی سێ کیلۆ مادەی هۆشبەریان راگەیاند و دوو کەسیشیان دەستگیر کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 24.9.2024، بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر رایگەیاند، لەسەر بنەمای زانیاری پێشوەختە دوو بازرگانی ماددەی ھۆشبەریان دەستگیرکرد و دەستیانگرت بەسەر بڕی 2.6 کیلۆگرام مادەی کریستاڵ.
دەستگیر کراوەکان دانیشتووی هەولێرن و لە رۆژی 14.9.2024 دەستگیر کراون، بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر وا دەڵێت.
تۆمەتباران مادە هۆشبەرەکەیان لەناو ئۆتۆمبێلەکەیاندا حەشار دابوو بە مەبەستی بازرگانی پێکردن و ساغکردنەوەی، ھەردوو تۆمەتبار لە رابردوودا پێشینەی تاوانیان ھەبووە، ئەمە بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر.
لەئێستادا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە بە مادەی 25 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵیەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.