لە ساڵێکدا هەشت هەزار دۆنم سووتاوە
ئاگر زیاتر لە هەزار دۆنمی دوو گوندی پێنجوێنی سووتاند
+964
کامیار کەمال_ پێنجوێن
بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە شاخی هەردوو گوندی مێشەرۆ و پاش بەرد، هەزار و 53 دۆنم دارستان و پوش و پاوان سوتان.
بەختیار عەلی، ئەندامی رێکخراوی ملەکەوە بە 964ـی وت، ئاگرەکە لە نزیک کاتژمێری یەکی دوای نیوەڕۆ کەوتووەتەوە و تا نزیکەی بەرەبەیان، پۆلیسی دارستانی گەرمک و دانیشتووانی گوندەکە ئاگرەکەیان کوژاندووەتەوە.
وتیشی، رۆژێک دوای کۆنتڕۆڵ کردنی، ئاگرەکە دوێنێ پێنجشەممە 12.9.2024 دووبار سەری هەڵداوەتەوە.
باسی لەوەشکرد، سەرەتا ئاگرەکە لە هەردی گوندی مێشەرۆوە تەشەنەی سەندووە بەرەو گوندی پاش بەرد، نزیکیش بووەتە لە گوندی سیاگوێز.
لەبارەی هۆکاری سەرهەڵدانی ئاگرەکەوە، بەختیار عەلی وتی، ئاگرەکە لە دیوی ئێرانەوە هەڵگیرسێندراوە و بەپێی وتەی شاهێد حاڵێکیش لە گوندەکە، دووبارە سەرهەڵدانەوەکەشی هەر لەوێوە بووە و بووەتە هۆی سوتانی هەزار و 53 دۆنم و لەپاڵ ئەوەشدا، 360 دۆنمی دیکە سووتاوی کۆن هەبووە.
محەمەد عەلی بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی گەرمک، هەواڵەکەی بۆ 964 پشت راستکردەوە و رایگەیاند، ئامێری گڕکپیان بەکارهێناوە لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە و بەهۆی سەختی جێگاکەشەوە ئاگرەکە بە قورسی کۆنترۆڵ کراوە.
وتیشی، خەڵکی هەردوو گوندی پاش بەرد و مێشەرۆ و رێکخراوی ملەکەوە، رۆلیان هەبووە لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە و هاوکاریان کردوون.
ئەوەش لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو 600 دۆنم دارستانی دیکە لە گوندی چاژ سووتا و ئاگرەکەش بۆ ماوەی 10کاتژمێر بەردەوام بووە و هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەش نەزاندرا.
بەگوێرەی ئاماری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن کەبۆ 964ـی خستەڕوو، لە ساڵی 2023دا زیاتر لە هەشت هەزار دۆنم زەوی لە پێنجوێن سووتاوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر