داوا دەکەین حکومەتی عێراقی بەڵێنەکەی بباتە سەر

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق: لە هەموو شوێنێکی دنیا مافی بەرگری لە خۆکردنمان هەیە

964+

ژووری هەواڵ

ئەلینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە بارەی هێرشەکەی سێشەممەی رابردووەوە دەڵێت: میلیشیاکانی سەر بەئێران ئەو هێرشەیان ئەنجامداوەو بە مافی خۆمانی دەزانین بەرگری لە خۆمان بکەین لە هەر شوێنێکی ئەم دنیایە

رۆمانۆوسکی ئەمڕۆ هەینی لەسەر ئێکس راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوەو دەڵێت: ”رۆژی سێشەممە 10ی ئەیلول ناوەندی پاڵپشتی دیبلۆماسی لە بەغدا کە دامەزراوەیەکی دیبلۆماسی ئەمریکییە رووبەرووی هێرش بووەوە، خۆشبەختانە هیچ هەواڵێک نییە لەبارەی بوونی زیانی گیانییەوە، بەڵگەکان دەریدەخەن ئەو هێرشە لەلایەن میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێرانەوە ئەنجامدراون کە سەربەستانە لە عێراق جموجۆڵ دەکەن”.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق: لە هەموو شوێنێکی دنیا مافی بەرگری لە خۆکردنمان هەیە

شەوی سێشەممەی رابردوو دەنگێک لەنێو فڕۆکەخانەی بەغدا بیسترا، دواتر سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق رایانگەیاند دەنگەکە لەو بەشەی فڕۆکەخانە بووە کە لەلایەن راوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەکاردێت، دوای ئەوەش باڵیۆزخانەی ئەمریکا رایگەیاند ئەو شوێنەی هێرشی کراوەتە سەر ناوەندی خزمەتگوزاری دیبلۆماسی بووە.

لە راگەیەندراوەکەی ئەمڕۆیدا باڵیۆزی ئەمریکا دەڵێت: ”چەند جارێک حکومەتی عێراقی بەڵێنی داوە تیمە دیبلۆماسییەکان و سەربازانی ئەمریکا بپارێزێت کە لەسەر داوای حکومەتی عێراقی لە وڵاتەکەدان، وەکو چۆن لە چەند بۆنەیەکی دیکەدا وتوومانە، ئەمجارەش داوا لە حکومەتی عێراقی دەکەینەوە، پارێزگاری ئەندامان و ناوەندە دیبلۆماسییەکان و کارمەندانی کۆمپانیاکانمان بکات.. جەخت دەکەینەوە مافی بەرگری لە خۆکردنمان هەیە لە هەر شوێنێکی جیهاندا”.

لەگەڵ ئەم راگەیەندراوەش وێنەیەکی داناوەو لەبنی نوسیویەتی: ئەو پارچانەی لە هێرشەکە کۆکراونەتەوە.