لە هەرێمی کوردستان تەنیا دوو پۆلیسی هاتوچۆی ژن هەن

+964

فەهمی نەبی-هەولێر

بەپێی بەدواداچوونی تۆڕی 964، لە هەرێمی کوردستان، تەنیا دوو پۆلیسی هاتوچۆی ژن هەن، ئەوانیش لە پارێزگای سلێمانین.

فازڵ حاجی، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی 964ی وت “لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر، هیچ پۆلیسێکی ژن نییە لەسەر شەقام ئەرکەکانی راپەڕێنێت”.

فازڵ دەڵێت، لە فەرمانگەکانی هاتوچۆی هەولێر رێژەیەکی بەرچاو پۆلیسی هاتوچۆن، بەبێ ئەوەی رێژەکەی دیاریبکات.

بەهمەن عەبدوڵلا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی بۆ تۆڕی 964 وتی “لە شاری سلێمانی دوو پۆلیسی هاتوچۆمان هەیە لەسەر شەقام، کە لە ترافیکەکان ئەرکەکانیان زۆر بە باشی جێبەجێ دەکەن”.

بۆ شاری دهۆک دۆخەکە جیاوازە بە وتەی بەرپرسانی هاتوچۆی ئەو شارە، لە رابردوو تیمێکی پۆلیسی هاتوچۆی ژن هەبووە لەسەر شەقام، بەڵام دواتر گواستراونەتەوە بۆ نێو بەڕێوەبەرایەتیەکان.

ئازاد تەها، وتەبێژی هاتوچۆی دهۆک بە تۆڕی 964ی وت، “لە ئێستادا هیچ پۆلیسێکی هاتوچۆی ژن لەسەر شەقامەکانی دهۆک نییە”.

حەسەن عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەڵەبجە، دەڵێت؛ لە پارێزگای هەڵەبجە هیچ پۆلیسێکی هاتوچۆی ژن نییە.

لە ئێستادا هیچ ئامارێکی فەرمی نییە بۆ ژمارەی پۆلیسی هاتوچۆی ژن لەنێو فەرمانگەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکانی هاتوچۆی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.