گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە ئومێدەوە باسی ئاوی زەڵم ناکات

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری ھەڵەبجە بە ئومێدەوە باسی رێژەی ئاوی سەرچاوەی زەڵم ناکات، دەڵێت باخدارەکانی ناوچەکە ترسیان ھەیە ئاوەکە هێندە کەم بێت نەگاتە باخەکانی ئەوان.

چیا قاسم، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری ھەڵەبجە بە تۆڕی 964ی راگەیاند، “بە دڵنیاییەوە ئاوی سەرچاوەی زەڵم کەمیکردووە، ژمارەیەک ھاوڵاتی لە خوارەوەی سەرچاوەکە و لە ناحیەی خورماڵ باخیان دروستکردووە، ترسیان ھەیە ئاستی ئاو بەو رادەیە زۆر نەبێت کە نەگاتە لای باخەکانیان.”

ژمارەی گەشتیاری زستانە بۆ سەرچاوەی زەڵم لە هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا زیادیکردووە بەراورد بە زستانی ساڵی رابردوو، لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا 16 هەزار گەشتیار سەردانیان کردووە.

بەپێی ئاماری گەشتوگوزاری ھەڵەبجە، ساڵی رابردوو ژمارەی گەشتیاری زستانە بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی ھەڵەبجە کەمتر لە 15 هەزار بوو.

لەبارەی ئاستی ئاوی سەرچاوەی زەڵم، چیا قاسم بە تۆڕی 964ی وت “مانگی ئایار و حوزەیران بۆمان رووندەبێتەوە دۆخ و رێژەی ئاوی سەرچاوەکە کەم یان زیادیکردووە، بەڵام لەگەڵ پیاوە بەتەمەنەکانی ناوچەکە کۆبووینەتەوە، بە ئەزموونی ئەوان ئەگەر لە مانگی دوو رێژەی باران زیادبکات، ئەگەر ھەیە لە کۆتایی مانگی شوبات و سەرەتای مانگی ئازار ئاوی سەرچاوەکە بتەقێت”.

سەرچاوەی ئاوی زەڵم، یەکێکە لە 12 ناوچە گەشتیاریی و تاڤگەکانی پارێزگای ھەڵەبجە، ھاوسنوری گوندی ئەحمەدئاوایە لە ناحیەی خورماڵ و بە 83 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری رۆژھەڵاتی شاری سلێمانی.

ساڵی رابردوو ئاوی سەرچاوەی زەڵم بە رادەیەک کەمبوبووەوە، کە ئەو دوکان و ناوچە گەشتیارییانەی دەکەوتنە سەر شاڕێی ئاوەکە بەشێکیان دوکان و مارکێتەکانیان داخست و رێژەی چوونی گەشتیاریش کەمیکرد.