داواى بەهاناوەچوون دەکەن

بەهۆى بۆردومانەوە ئاگر لە سنوورى گوندەکانى گەڵاڵە و قامیش کەوتەوە

964+

دیلان محەمەد جەزا- سلێمانى

بەیانی ئەمرۆ سێشەممە، چوار جار هەریەکە لە سنوورى گوندەکانی گەڵاڵە و قامیش لە ناوچەی شارباژێر بۆردومانکران و بەو هۆیەشەوە ئاگرێکی بەرفراوان کەوتووەتەوە و دانیشتوانى ئەو گوندانەش داوا دەکەن بەهانایانەوە بچن.

عەلی ساڵح، ئەنجومەنی گوندی گەڵاڵە بە 964ـى وت، دەوربەری کاتژمێر 7ـى بەیانیی ئەمڕۆ، چوار جار سنووری گوندەکانی گەڵاڵە و قامیش بۆردومان کران، ئەمەش بووە هۆى ئەوەى لە شاخەکانی برزوت و بیرانی ئاگرێکى گەورە دروست ببێت.

وەک باسى دەکات، ئێستا ئاگرێکی بەرفراوان شاخەکانی ئەو ناوچەیەی گرتووەتەوە و خەڵکی ناوچەکە سەرقاڵی کوژاندنەوەین.

“داوا لە هاوڵاتیان دەکەین بێن بە هانامانەوە بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە، لەبەر ئەوەی لە شوێنێکی سەختدایە و کوژاندنەوەی کەمێک ئەستەمە”، ئەنجومەنى گوندى گەڵاڵە واى بە 964 وت.

بەپێى ئامارەکانى  تیمى کوردستانى رێکخراوى  CPTـى ئەمەریکى، ئەو لە 1.1.2024 تا 1.7.2024، سوپاى تورکیا یەک هەزار و 76 هێرش و بۆردوومانى بۆسەر خاکى هەرێم ئەنجامداوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح