هێڵی سووریان بۆ شوێنکارەکان دیاریکرد
هەڵمەتی رێکخستنەوەی شەقامەکانی هەولێر بەردەوامە
964+
ژێوار خدر
شارەوانی هەولێر بەردەوامە لە رێکخستنەوەی شەقامەکانی شارەکە و ئەمجارە بە کێشانی هێڵی سوور سنوور بۆ شوێکارەکان دیاریدەکات.
دوێنێ پێنجشەممە، شارەوانی هەولێر رایگەیاند، لە بەشێک لە شەقامی 100 مەتری و گەراجەکانی تانکی فرۆشانی شاری هەولێر، دەستیانکردووە بە رێکخستنەوەی شەقامەکان و کێشانی هێڵی سوور.
هەڵمەتەکە لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی سێ و شارەوانی چوار بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی، لە بەشێک لە گەراجەکانی نزیک گۆڕستانی شێخ ئەحمەد و شەقامی 100 مەتری ئەنجامدراوە.
شارەوانییەکە وا بڵاوی کردووەتەوە، بە هێڵی سوور لەسەر شۆستەکان سنوور بۆ دوکانداران دیاری کراوە، بۆ دانانی کەل و پەلەکانیان لەبەردەم دوکانەکانیان بۆیان نییە لەو هێڵەی بۆیان دیاریکراوە زیاتر بێنە پێشەوە و کەلوپەلەکانییان دابنێن، ئەمەش لەپیناو نەهێشتنی بەربەستی هاتوچۆ و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و جەنجاڵی لەسەر شۆستە و شەقامەکان.